گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەستلەکارکێشانەوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە یانەی بەرشەلۆنەوە

2020.10.27 - 22:21
دەستلەکارکێشانەوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە یانەی بەرشەلۆنەوە

ناس کورد-
لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە و سەرجەم ئیدارەی یانەکە دەستیان لەکارکێشایەوە.

 

تۆڕی میدیایی بین سپۆرت هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە (27ی تشرینی یەکەمی 2020)، "کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئیدارەی یانەی بەرشەلۆنە کۆبووەتەوە و تیایدا، جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی ئیدارەی یانەکە بڕیاری دەستیان لەکارکێشانەوەیان دا."

 

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی هیچ شتێکی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام پەیامنێری بین سپۆرت لە ئیسپانیا، جەختی لەڕاستیی هەواڵەکە کردووەتەوە.

 

دەستلەکارکێشانەوەی بارتۆمیۆ و ئیدارەی یانەکە لەدوای کێشە ئیدارییەکانی یانەکە لە وەرزی ڕابردوودا و هەروەها بەردەوامی ئەنجامە خراپەکانی یانەکە لەم وەرزەشدا و دۆڕاندنیان لەدوایین یاریدا بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید هات.

 

کێشە ئیدارییەکانی یانەی بەرشەلۆنە ماوەی دوو ساڵە سەریانهەلداوە، بەڵام بڕیاری جێهێشتنی یانەکە لەلایەن لیۆنێل مێسییەوە کێشەکانی گەیاندە لوتکە.