گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم داوا لە هاوپەیمانان دەکات فشار بخەنەسەر حکومەتی عێراق

2020.10.27 - 22:10
هەرێم داوا لە هاوپەیمانان دەکات فشار بخەنەسەر حکومەتی عێراق

ناس کورد-

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکومەتی هەرێم باس پەیوەندی و گفتوگۆکانیان دەکات لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و داواش لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات، دەستوەردان لە پرۆسەی تەعریب کردن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا بکەن.

 

ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2020، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سڤێن کڕاوسپی، جێگری کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر کۆبووەوە و دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بنکەی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، وەزیری پێشمەرگە، رایگەیاند: " له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی ئه‌و ناوه‌نده‌ هاوبه‌شانه‌ی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق، هه‌نگاوی باش چووینه‌ته‌ پێشه‌وه‌و، وه‌ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌میشه‌ خواستمان بووه‌ بگه‌ین به‌رێككه‌وتنی كۆتایی و چیتر ده‌رفه‌ت نه‌درێت به‌تیرۆریستان له‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان هه‌یه‌ جموجۆڵ بكه‌ن."

 

وتیشی: " ئاسۆی گه‌یشتن به‌ڕێکكه‌وتن له‌گه‌ڵ سوپای عێراقی، روونه‌، سه‌ڕه‌رای رێگری و به‌ربه‌سته‌كان، هه‌نگاوه‌كانمان به‌رده‌وامه، جێگه‌ی خۆشحاڵیه‌ بڕیاره‌ له‌ کۆتایی ئەم مانگە، بنکەی  هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌ هه‌ولێر و به‌غدا  پێکبهێنرێت و قۆناغ بە قۆناغ بنکەکانی تریش له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم پێکبهێنرێت."

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: " وەزیری پێشمەرگە، ستایشی ڕۆڵی هاوپەیمانانی كرد و داواشی کرد رۆڵی کاریگەری خۆیان بگێرن له‌فشار خستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عیراق  دژ بەو تەعریب کردنەی کە  لە ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هەرێم روودەدات، کە ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی."

 

ئەوەش هاتووە، جێگری كونسوڵی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد خۆشحاڵن به‌نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و وتیشی: بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌و بنبڕكردنی تیرۆریستان هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا گرنگ و پڕ بایه‌خه‌.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، كۆبوونه‌وه‌کە، جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامییه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیاش له‌رێگه‌ی راوێژكارانی سه‌ربازییه‌وه‌ رۆڵی گرنگ و كاریان گێڕاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: "هه‌نگاوی باشمان بڕیوه‌ و پێویستیمان به‌ دۆسته‌كانمانه‌ له‌گه‌یشتن به‌ئامانجی كۆتایی، كه‌ خۆی له‌دروستكردنی هێزێكی نیشتمانیی سه‌ربه‌خۆ ده‌بینێته‌وه‌."