گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەی دواکەوتنی بارانبارین کشتوکاڵی سلێمانی ڕونکردنەوە دەدات

2020.10.27 - 19:36
لەبارەی دواکەوتنی بارانبارین کشتوکاڵی سلێمانی ڕونکردنەوە دەدات

ناس كورد-

جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دواکەوتنی بارانبارین تائێستا  كاریگەری خراپی بۆسەر كشتوكاڵ دروست نەكردووە، چونکە تا ناوەڕاستی مانگی داهاتووش دەتوانرێت سوود لەباران بۆ كشتوكاڵ وەربگیرێت.

 

رزگار حەمەخدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی (سێشەممە 27ی تشرینی یەكەمی 2020) بە ناس كوردی راگەیاند، هەرچەندە ماوەی مانگێكە  وەرزی پایز دەستی پێكردووە، بەڵام تائێستا كات ماوە بۆ چاندنی دانەوێڵە لەزۆرێك لەناوچەكان بەتایبەتیش گەرمیان كە لەئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ چاندنی دانەوێڵە و ئەوەی زەوی بەراو بێت ئاودانێكیان كردووە بۆ تۆوكردن.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، هەندێك ناوچەش كە ئاویان نییە ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی بە باران كشتوكاڵ بكەن، بۆیە تائێستا كوردستان  نەچووەتە قۆناغی گرفتەوە و نەبارینی باران زیانی لە کشتوکاڵ نەداوە، بەڵكو تا ناوەڕاستی مانگی داهاتووش دەتوانرێت سوود لەباران وەربگیرێت بۆ چاندنی گەنم و جۆ.

 

سەبارەت بە حاڵەتی "پەڵەدان" بۆ كشتوكاڵ، رزگار حەمەخدر ڕوونیكردەوە: "پەڵەدان مانای ئەوەیە 80 ملیم باران ببارێت و مانای وایە پەڵەی داوە كە زەوی ئاوی خواردووەتەوە و زەوییەكە لەو شوێنەدا چاڵ ئاو دروست دەكات، بەڵام بەگشتی رێژەی بارانی گونجاو بۆ چاندنی گەنم و جۆ ئەگەر لەسەروو 70 ملم بێت گونجاوە كە دەست بەتۆوكردن بكرێت".