گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق گرێبەستى 30 ساڵی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی و چینیدا واژۆ دەکات و ڕەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت

2019.05.07 - 23:31
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق گرێبەستى 30 ساڵی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی و چینیدا واژۆ دەکات و ڕەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- عادل عەبدولمەهدی ڕایگەیاند، عێراق نزیکبووەتەوە لە واژۆکردنی گرێبەستێکى گەورە لە بواری وزەدا بۆ ماوەى 30 ساڵ لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبێل و پترۆچاینە بە بەهای 53 ملیار دۆلار. عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕەتیشیکردەوە گرێبەستەکان هیچ پەیوەندییەکانى بە هەڵوێستەکانى ئەمریکاوە هەبێت سەبارەت بە مامەڵەى بازرگانی بەغدا لەگەڵ تاران. عادل عەبدولمەهدی لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەنوسی هەفتانەیدا (7ی ئایاری 2019) پێشبینیکرد قازانجی عێراق لەو دوو گرێبەستە 30 ساڵییە بگاتە 400 ملیار دۆلار. وتیشى، پڕۆژەیەکى زەبەلاح لە باشوری عێراق جێبەجێدەکرێت بۆ پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی نەوتیی نەهر بن عومەر و ئەرتاوی و زیادکردنی ئاستى بەرهەمهێنان بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لەکاتێکدا ئێستا ڕۆژانە 125 هەزار بەرمیل نەوت لەو دوو کیڵگەیە بەرهەم دەهێنرێن.   ..

پەیوەندی بە سزاکانى سەر ئێرانەوە هەیە؟

پێشتر چەند ڕۆژنامەیەک لە زاری باڵیۆزی ئێران لە لەندەن باسیان لەوەکرد کە ئەمریکا لە بەرامبەر واژۆکردنی گرێبەستێکى نەوتی لەگەڵ واشنتۆن، عێراق لە سزا ئابوریی و بازرگانییەکانى سەر ئێران دەبەخشێت. لەبارەى پرسیارێکەوە سەبارەت بەو بەربەستانەى کە ڕێگرن لە واژۆکردنی کۆتایی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەو کۆمپانییانە، عادل عەبدولمەهدی وتی، "گفتوگۆکان لەنێوان وەزارەتى نەوتی عێراق و کۆمپانیانی ئیکسۆن مۆبێل و پترۆچاینە بەردەوامن لەبارەى چۆنیەتى دابەشکردنی قازانجەکان بەپێی دابەزین و بەرزبوونەوەى نرخی نەوت". وتیشى، "ڕێککەوتنە 30 ساڵ بەردەوام دەبێت و ئەوەش وردەکارییەکى دارایی هەستیارە و پێویستە گفتوگۆی زۆری لەبارەوە بکرێت." عێراق دووەم هەناردەکاری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپێک و بەردەوامە لە زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان چونکە لەماوەى ڕابردوو قەیرانى و شەڕ و ئاڵۆزییەکان ڕێگربوون لە بەرەوپێشچوونی. . عێراق یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەى کە پەیوەندی دۆستایەتى لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێراندا هەیە، لەئێستادا واشنتۆن و تاران هاوپەیمانی سەرەکی بەغدادن لەکاتێکدا هەردوولا دوژمنی یەکترن و لە کێبرکێی زیادکردنی هەژمونی خۆیانن لە عێراق. سەبارەت بە دەستپێكردنی پڕۆژەکانى ئێکسۆن مۆبیل و بترۆچاینە، عادل عەبدولمەهدی ڕٍایگەیاند،"هەردوو کۆمپانیا سەرەتادا دەستدەكەن بە دامەزراندنی پڕۆژەی ڕاكێشانی ئاو بۆ كێڵكە نەوتییەكانی باشور و چاککردن و دروستكردنی هێڵێكی نوێی بۆری نەو بۆ هەناردەكردن، لەگەڵ دەرهێنانی 100 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی لە ڕۆژێكدا لە هەردوو کێڵگەى نەوتیی ئەرتاوی و نەهر بن عومەر . . ساڵی 2018 ترەمپ لە ڕێککەوتنى ئەتۆمی ئێران کشایەوە و جارێکى تر سزاکانى بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکو داوای لە وڵاتانى کڕیاری نەوتی عێراق کرد کڕینی نەوتی ئێران بوەستێنن و هەر وڵاتێکیش پابەندی بڕیارەکەی نەبێت توشی سزای ئەمریکا دەبێت. ئاشکرایە کە عێراق نەوت لە ئێرانەوە هاوردە ناکات، بەڵام ڕێگەى پێدراوە غازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە بکات. بەرپرسێکى کەرتی نەوتی عێراقی بە ڕۆیتەرزی وتووە، "سزاکانى ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتانەیە کە نەوتی ئێران دەکڕن و عێراقیش هیچ نەوتێکى ئێرانی ناکڕێت، سەبارەت بە غازی سروشتی، بەڕای من، کاریگەری نابێت و بەخشینی عێراق لە هاوردەکردنی غازی ئێرانی بەردەوامە."