گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەگەرى بایکۆتى ئۆپۆزسیۆن لە دانیشتنى پرساندنى حکومەت ئاشکراکرا

2020.10.27 - 11:10
App store icon Play store icon Play store icon
ئەگەرى بایکۆتى ئۆپۆزسیۆن لە دانیشتنى پرساندنى حکومەت ئاشکراکرا

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، پێدەچێت سەرجەم فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان بكەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

سەرچنار ئەحمەد بە پێگەى فەرمى حزبەکەى راگەیاندووە (27ى تشرينى یەکەمى 2020)، "ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو لەسەر ئەو پرسە كاتژمێر یەكی دوانیوەڕۆ كۆدەبینەوە و پێدەچێت سەرجەم فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان بكەن".

 

وتیشى "لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و ئابوری ئامادە نابن و بە ڕاپۆرت وەڵامی پرساندنەكەیان داوەتەوە".

 

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و تەوەرێكیان تایبەت بێت بە گفتوگۆکردنى پرساندنی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەر لێبڕینی موچە.  

 

دوێنێ سێ پەرلەمانتاری گۆڕان کە واژویان لەسەر پرساندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردبوو ڕایانگەیاند، لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان شەرعیەت دەدرێت بە لێبڕینی موچە و بەوهۆیەوە بەشداری دانیشتەنەکە ناکەن.   

 

بەگوێرەى زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپەرلەمانی كوردستان بۆ ناس كورد، ئەو بەرپرسە باڵایانەی حكومەتی هەرێم جگە لەوەی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان بۆ پرساندنەكە داوەتەوە، بۆ هۆكاری ئامادەنەبوونیان لەدانیشتنی پرساندن وتوویانە كە ئەوان لەدانیشتنی پێشتری پەرلەمان بۆ ماوەی نۆ كاتژمێر و 45 خولەك قسەیان لەسەر دۆخی دارایی و بوارەكانی دیكەی هەرێم كردووە و وەڵامی پرسیاری 98 پەرلەمانتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشیان داوەتەوە كە ئەو وەڵامانەی پەرلەمان وەڵامی پرسیارەكانی پرساندنەكەشە، بۆیە بەپێویستیان نەزانیوە لەدانیشتنی پرساندنەكە ئامادەبن.