ناس کورد-
لەسەر شێوازی دەرهێنانی فیلمە سینەماییەکان، ئەستێرەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕوسیا ئۆتۆمبێلە گەرانبەهاکەی کە لەجۆری ماڕسیدسە و نرخی 17 دەفتەر دۆلارە سوتاند، گرتە ڤیدیۆکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی"حورە"ی ئەمریکی ( 26ی تشرینی یەکەمی 2020) کە ناس کورد بە داواداچوونی بۆ کردووە: "میخائیل لتڤین کە یەکێکە لە ئەستێرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕوسیا، لەگرتە ڤیدیۆیەکدا کە لەسەر شێوازی دەرهێنانی فیلمەکانی هۆڵیود تۆماری کردووە، ئۆتۆمبێلەکەی کەجۆری مارسیدسە وبەهاکەی 17دەفتەر دۆلارە بردە پانتاییەکی سەوز و ئاگری تێی بەردا".
لەگرتە ڤیدیۆیەکەدا، لتڤین چەند دەبەیەکی سووری پڕ لە بەنزین لەسندوقی ئۆتۆمبێلەکە دەهێنێتە دەرەوە و دەیانکات بەئۆتۆمبێلەکەدا و دواتر لەمەودایەکی دوورەوە و بە چەرخێک گڕی لێ بەردەدات، دوای گڕدانی ئۆتومبێلەکەش سەرقاڵی خواردن دەبێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی حورە: "لتڤین هۆکاری ئەنجامدانی ئەو کارەى گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە زۆر لەئۆتۆمبێلەکەی بێزاربووە، چونکە زۆربەی کات پەکی دەکەوێت".
دوای سوتاندنی ئۆتۆمبێلەکەی، لتڤین بە ئۆتومبێلێکی جۆری لادای ڕوسی مودیل کۆن شوێنە بەجێدەهێلێت.