گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەرەیلان: پارتی ئامادەکاریی بۆ شەڕی براکوژی دەکات

2020.10.26 - 23:49
قەرەیلان: پارتی ئامادەکاریی بۆ شەڕی براکوژی دەکات

ناس کورد-

موراد قەرەیەڵان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەکەکە، ڕایگەیاند، پارتی جوڵەی بە هێزەکانی کردووە و ئامادەکاریی بۆ شەڕ دەکەن، دەشڵێت: " دەمانەوێت بۆچوونی کاک مەسعود لەسەر جوڵەی هێزەکانینان و شەڕی براکوژیی بزانین، ئایا ئاگادارە لەهەر ساتێکدا ئەگەری ڕوودانی شەڕ هەیە."

 

قەرەیلان لە بەرنامەیەکی تایبەتی میدیایەکی نزیک لە پەکەکە (دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: " هێزەکانی پارتی دەستیان بە جمووجۆڵ کردووە و لە پێگەیەکدا کە ئامادەکاریی بۆ شەڕ دەکەن، ئەگەر زانیاریی وەرد و جدیمان سەبارەت بەم دۆخە نەبوایە، ئەوا ئێمە هەموو کاتێک خۆشبینانە تەماشای دۆخەکە دەکەین و وامان نەدەوت، بەڵام کاتێک تەماشا دەکەین، دەبینین بە ڕاستی ئامادەکاریی دەکەن، باشە ئامادەکارییانە ئامانجی چییە؟ لە هەر شوێنێ خاڵێکی ئێمە هەبێت، دەیانەوێ لەو شوێنە هێز جێگیر بکەن، لە کوێی لە نێوان دوو هێزی ئێمەدا ڕێگایەکی هاتووچۆ هەبێت، دەیانەوێ بنکەیەکی سەربازیی درووست بکەن، نیەتیان لەو کارە چییە؟."

 

وتیشی: " هاوکاری سیخوڕی و پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ تورکیا، خزمەت بە گەلی کورد ناکات و تەنانەت لە خزمەتی پارتی-شدا نییە، تورکیا نایانەوێت بێجگە لە تورکەکان هیچ کەسێکی دیکە پێگەیەکی هەبێت، خاوەن فکرێکی شۆڤێنیست و نەژادپەرەستی تۆخن، بەو شێوەیە خۆیان بە سەر کوردستان دا دادەسەپێنن، پێویستە مرۆڤ وشیار بێت."

 

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەکەکە ئاماژەی بەوەشكڕدووە: "دەوڵەتی تورکیا لە کاتی ڕێفراندۆمدا جارێکی دیکە بە هاوکاریی ئێران و عێراق نەیانهشت کوردان بە ئامانجیان بگەن، پێویستە هەموو کاتێک ئەو ڕاستییە دووبارە بکرێتەوە، ئەگەر ئێمە وەکو پەکەکە نەبین، تورکەکان هێرش دەکەنە سەر هەولێر و ناهێڵن کوردان هیچ دەسکەوتێکیان هەبێت، بەڵام لە بەر ئەوەی ئێستا پەکەکە پاراستنی هەموو شوێنێک دەکات، ئەویان بە ئامانج گرتووە، دیسان دوژمن لە هەموو قسە و باسەکانیان بە ڕاکشاو دەڵێن؛ کورد نییە و هیچ مافێکیان نییە."

 

موراد قەرەیڵان باسی لەوەشكردووە: "تورکیا هەرچی ناوی کوردی پێوە بێت قەبووڵی ناکەن، ئەوان دەیانەوێ کوردان قڕ بکەن، ئەوان تەنیا دوژمنایەتی پەکەکە ناکەن، بەڵکو دەیانەوێ کورد لە ڕیشەوە دەربێنن و لەناوییان ببەن."

 

ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە جەختیکردووەتەوە: " پەیوەندیی هاوبەشی و دانووستاندنە سیخورییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا لە خزمەتی گەلی کورد دا نییە، تەنانەت خزمەتی بە پەدەکەش ناکات، ئیمکانی هەیە بە شێوەی کاتی لە خزمەتیاندا بێت، بەڵام ئەم هەڵسوکەوتە سەرجەم کوردان دەخاتە مەترسییەوە، ڕەوشێکی هێندە هەستیار و بەو ڕادەیە بێ مانا لە ئاردایە، چونکە ئەوان سەرجەم کوردانیان بە ئامانج گرتووە، کەچی بەشێک لە کوردان پەیوەندی دۆستانەیان هەیە لەگەڵیان، لە ئێستا ئێمە لە دژی دۆخێکی وا بەرخۆدان دەکەین و ئەم بەرخۆدانە لە سەرناوی کوردان بەڕێوە دەبەین، بە لانی کەم، دەورو تەنیشتمان لێمەگرن، بەڵکو پشتیوانمان بکەن."

 

ئەو بەرپرسەی پەکەکە ڕاشیگەیاندووە: "لە هەر کوێ ڕووداوێک ڕوو بدات، دەسبەجێ دەڵێن ئەوە پەکەکە ئەنجامی داوە، کە بەرێوەبەری ئاسایشی سەرزەرێ کوژرا، دەسبەجێ وتیان کە پەکەکە کوشتوویەتی، ئێمە لە دژی هیچ بەرپرسێکی باشوری کوردستان یان ڕێکخستنەکانی باشوری کوردستان بڕیاری چالاکی کردنمان نییە، من بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەگەیەنم کە بڕیارێکی بەو شێوەیەمان نییە، ئەوان هێندە بە دڵنیاییەوە لێدوانیان بڵاوکردەوە کە ئێمەش کەوتینە گومانەوە و وتمان بڵێی ئەو گرووپە هەڤاڵەی ئێمە، کە لەوێن ئیمکانی هەیە شتێکی وایان کردبێت، بۆیە لێکۆلینەوەمان کرد و دڵنیا بووین، کە کاری ئێمە نەبووە، ئەوان گەر بەڵگەیەکیان هەیە لەو بارەیەوە با بڵاوی بکەنەوە، بەڵام شتێکی بەو شێوەیە نییە."

 

قەرەیلان ئەوەشی خستووەتەڕوو: "من نازانم کە سەرجەم بەرێوەبەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاگاداری ئەو دۆخەن یان نا؟ لێرەدا دەمەوێت بە تایبەتی بانگەواز لە کاک مەسعود بکەم، ئایا ئاگای لەو کردەوانە هەیە، لەم لایەنەوە بۆچوونی چۆنە؟ هەتا ئێستا قسەی نەکردووە، ئێمە دەمانەوێت بۆچوونی کاک مەسعود بزانین، هەموو ئەمانە بۆ ڕوودەدەن؟ بۆ چی دەیانەوێ ڕێگای هاتووچۆی هەڤاڵان بە هێزی گەورە بگرن؟ چ دەبێت با ببێت، ئێمە ئامادەین بە گفتووگۆ و دانووستاندن کێشە ناوخۆییەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەگەر هێزێکی چەکداری بخرێتە گەماڕۆوە و ڕاست و چەپی بگرێت و گۆڕەپانەکەی بەرتەسک بکەیتەوە ئەوە لەهەر ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە شەڕ ڕووبدات، تەنانەت بێ داخوازیش بێت، ئیمکانی شەڕ لە ئارادایە، گومانی ئێمە لەم لایەنەوەیە و بۆیە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بانگەوازیی دەکەم؛ دەمەوێت ڕێگا لە شەڕێکی نەخوازراو بگیردرێت، ئەگینا هەر ئان و سات ئیمکانی ڕوودانی بویەرێک لە ئارادایە."