گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كاردانەوەكانی دژی فەرەنسا گەیشتە هاككردنی ماڵپەڕە بازرگانییەكان

2020.10.26 - 21:56
كاردانەوەكانی دژی فەرەنسا گەیشتە هاككردنی ماڵپەڕە بازرگانییەكان

ناس کورد-

گروپێک هاککەری بەنگلادیشی بەناوی “Cyber 71”  بەرپرسیارێتی هاککردنی چەندین ماڵپەری بازرگانی فەڕەنسایان لەئەستۆگرت، ئەوەش وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر هەڵوێستەكانی پاریس لە كاریكاتێرەكانی دژی پێغەمبەری ئیسلام.

 

لەوبارەیەوە پرۆگرامەر سەردەشت عەزیز، خاوەنی كۆمپانیای "سمارت هاند" (دوو شەممە 26 تشرینی یەكەمی 2020) بە ناس كوردی ڕاگەیاند: " ئەم هەنگاوەی گروپە بەنگلادشییەكە وەڵامێكە بۆ هەڵوێستەكانی فەرەنسا و گروپەكە دەڵێن تاوەکو فەرەنسا داوای لێبوردن نەکات بەردەوام دەبین لەهاککردنی ماڵپەرە فەڕەنسیەکان."

 

ماوەیەكە پەیوەندی جیهانی ئیسلامی و كۆماری فەرەنسا گرژی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەدوای سەربڕینی مامۆستایەكی فەرەنسی كە كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام كردبوو قەیرانەكە قووڵتر بووەتەوە.   

  

لەدوا پێشهاتی ئەو ئاڵۆزییەشدا ماكرۆن هەڵمەتێكی گەورەی بەرپاكردووە بۆ دژایەتی دیاردەیەك كە ناوی ناوە "تیرۆری ئیسلامی" لەم میانەیەشدا رێگەی داوە بە نمایشكردنەوەی كاریكاتێرەكان كە موسوڵمانەكان بە سوكایەتی و بێڕێزی دژ بە پێغەمبەری لەقەڵەم دەدەن.     

  

ئەو هەنگاوەى فەرەنسا کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە لەسەر ئاستى جیهان و کاردانەوەکان گەیشتوەتە هەرێمى کوردستان هەڵمەتی بایکۆتکردنی کالای فەڕەنسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێم سەریهەڵداوە.