گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژنە چالاکوانێک داواى هەڵواسینى پیاوان دەکات

2020.10.26 - 21:11
ژنە چالاکوانێک داواى هەڵواسینى پیاوان دەکات

ناس کورد-

لەدوای هەڵواسینی جلوبەرگی ئەو ئافرەتانەی دەستدرێژیان کراوەتەسەر لە شەقامێکی شاری سلێمانی، ژنە چالاکوانێکی ئیسلامی دەڵێت، لەجیاتی جلی ژنان پیاوان هەڵواسن.

 

شنۆ عەبدوڵڵا پێنجوێنی، ژنە چالاکوانی ئیسلامی (دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2020) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "بریا لە جیاتی ئەوەی جلی ئەو ژنانەیان هەڵواسیوە کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، ئەو پیاوانەیان هەڵبواسیایە کە ئەو توندوتیژیە دەکەن بەرامبەر ژنان."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "راستە زۆرن ئەو ژنانەی کە بێرێزی و ئیهانە دەکرێن، یان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، یان دەکوژرێن، باشترین بژاردە بکوژی ژنێک بکوژرێتەوەو لەجیاتی ئەو جلانە ئەو پیاوانە هەڵبواسرێت، ئیتر جورئەتی ئەوە ناکەن دەست بۆ ژن بەرن، هەڵبەت ئەو پیاوە پۆخڵەواتانە دەڵێم کە شایانی کۆمەڵگە نین."

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا، ئەو ژنە چالاکوانە کە هاوسەری سۆران عومەر، پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی ئیسلامییە نوسیویەتی: " رێزو حورمەت و خۆشەویستیم بۆ ئەو پیاوانە هەیە کە نەرم ونیانن لەگەڵ ژن."

 

ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2020، لە پڕۆژەیەکدا بەناوی "پڕۆژەی مێینە" جلوبەرگی ئەو ئافرەتانەی دەستدرێژیان کراوەتەسەر لە باخی نالییەوە تاوەکو دادگای سلێمانی هەڵواسران.