ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئۆپڕاسیونەکەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بەناحیەی شوان ئەمڕۆ (دووشەممە) کۆتایی هات و ئۆپراسیۆنەکە بەبەشداری لیواکانى وەزارەتی پێشمەرگە وهێزەکانی حەفتا بەڕێوە چوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەلێدوانێکدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند ( 26ی تشرینی یەکەمی 2021) :"ئەمڕۆ ئۆپراسیۆنەکەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بەناحیەی شوان کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو کۆتایی هات".
وتیشی: "ئۆپڕاسیۆنە بە بەشداری لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی حەفتا ئەنجامدراوە، وەزارەتی پێشمەرگە دەیەوێت لەڕێگەی ئەو ئۆپڕاسیونانەوە کردە تیرۆرستییەکانی چەکدارانی داعش لە و ناوچانە بنبڕبکات، بۆیە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا کێوماڵێکی بەرفراون لەو ناوچانە کراوە".
جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە وتیشی :"بۆ کۆتایی هێنانی تەواوەتی بە جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە پێویستە جارێکی تر چاو بەدابەشکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە و ناوچاندا بخشێنرێتەوە، ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە".
قارەمان کەمال، ئەوەشی خستە ڕوو: "ماوەیەک لەمەوبەر سێ هاووڵاتی کوردی ناوچەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژران ومەفرەزیەکی ئەو ڕێکخراوەش لەو ناوچە بینراوە، بۆیە پێویست بوو ئۆپراسیۆنێک لەو ناوچانە ئەنجام بدرێت".