گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یاداشتى ناڕەزایەتى هەرێمى کوردستان گەیەنرایە کونسوڵخانەى فەڕەنسا لە هەولێر

2020.10.26 - 15:00
یاداشتى ناڕەزایەتى هەرێمى کوردستان گەیەنرایە کونسوڵخانەى فەڕەنسا لە هەولێر

ناس کورد-

شاندێک لە پەرلەمانى کوردستان سەردانى کونسوڵخانەى کۆمارى فەڕەنسا لەشارى هەولێر دەکەن و یاداشتێکى ناڕەزایەتیان دەدەنێ.

 

عەبدولستار مەجید، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان لە هەژمارى خۆى بڵاوى کردەوە (26ى تشرینى یەکەمى 2020)، ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٦ ی ١٠ ی ٢٠٢٠ شاندێک لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی گەیاندنی یاداشتێکی نیگەرانیی و بە نوێنەرایەتی شەقامی مسوڵمانی کوردستان، سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری فەرەنسامان کرد و لەگەڵیان کۆبووینەوە .

 

ئاماژە بەوەش دەکات، فەرەنسا لە ڕابردوودا هەندێ بڕیار و سیاسەت و هەنگاوی، بە بەرژەوەندی میللەتی ئێمە و پاراستنی بووە لە دەستی ڕژێمی بەعس و ئەمە جێگەی پێزانینە و گەلی ئێمەش بە سیفەتی وەفاداری ناسراوە بۆ ئەوانەی چاکەیان لەگەڵ کردووە، بەڵام وەک میلڵەتێکی مسوڵمانیش نیگەرانین کە وڵاتێکی زلهێزی خاوەن مێژوویەکی دێرین، بەبێ گوێدانە پیرۆزییەکانمان و ڕێزگرتن لە هەستی مسوڵمانان، بەوجۆرە سوکایەتی بە ئیسلام و پێغەمبەرەکەی بکات .

 

جەختیشیکردەوە، دڵنیابن ئەوان پێغەمبەری ئێمە ناناسن بۆیە بەو ئوسلوبە ناشیرینە تەعبیری لێ دەکەن، ئەگەر بیناسن و لە کەسایەتی و ڕەوشتی بەرزی ڕابمێنن دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە دەستبردن بۆ زاتێکی گەورە و بەڕێزی وەک موحەممەد پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت، هەڵەیەکی گەورەیە و لێی پەشیمان دەبنەوە .

 

لەو سەردانەدا یاداشتی ٢٥ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاجیاکان بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بە فەرمیی ئاراستەی کونسوڵخانەی کۆماری فەرەنسا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرا.

 

ماوەیەكە پەیوەندی جیهانی ئیسلامی و كۆماری فەرەنسا گرژی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەدوای سەربڕینی مامۆستایەكی فەرەنسی كە كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام كردبوو قەیرانەكە قووڵتر بووەتەوە. 

 

لەدوا پێشهاتی ئەو ئاڵۆزییەشدا ماكرۆن هەڵمەتێكی گەورەی بەرپاكردووە بۆ دژایەتی دیاردەیەك كە ناوی ناوە "تیرۆری ئیسلامی" لەم میانەیەشدا رێگەی داوە بە نمایشكردنەوەی كاریكاتێرەكان كە موسوڵمانەكان بە سوكایەتی و بێڕێزی دژ بە پێغەمبەری لەقەڵەم دەدەن.   

 

ئەو هەنگاوەى فەرەنسا کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە لەسەر ئاستى جیهان و کاردانەوەکان گەیشتوەتە هەرێمى کوردستان هەڵمەتی بایکۆتکردنی کالای فەڕەنسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێم سەریهەڵداوە.