گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا چاوەڕوانى گڵۆپى سەوزى هەرێمە بۆ جوڵان بەرەو دەروازە سنورییەکان

2020.10.26 - 13:50
App store icon Play store icon Play store icon
بەغدا چاوەڕوانى  گڵۆپى سەوزى  هەرێمە بۆ جوڵان بەرەو دەروازە سنورییەکان

 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕوانى رەزامەندى حکومەتى هەرێمە بۆ بەڕێوەبردنى دەروازە سنورییەکانى بەهاوبەشى کە تا ئێستا لەدەرەوەى کۆنتڕۆڵى دەستەکەدان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلادین قەیسی، وتەبێژی دەستەی  دەروازە سنورییەکانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند (26ی تشرینی یەکەمی 2020) "لە ئێستادا دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقدا نییە، هەرێم تائێستا ڕەزامەندی نەداوە لەڕادەستکردنەوەیان".

 

وتیشی "دانوستانەکان لەو بارەیەوە بەشێوەیەک لەشێوەکان بەردەوامن، هەندێکیان فەرمین و هەندێکی دیکەشیان نافەرمین، چاوەڕوانین هەرێم گڵۆپی سەوز هەڵبکات بۆ ئەوەی لیژنە تایبەتییەکانی حکومەتی ناوەند سەردانی ئەو دەروازانە بکەن و زەمینەسازی بۆ میکانیزمی بەڕێوەبردنی هاوبەش بکەن".

 

وتەبێژی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو "بەگوێرەی زانیارییەکانمان و زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پڕۆسەکانی بەقاچاخبردنی کاڵا جۆراوجۆرەکان تائێستا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە".

 

بەپێی رێککەوتنى هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا لە ناوەڕاستى حوزەیرانى ئەمساڵ، دەروازە سنورییەکانى هەرێم بە هاوبەشى لەگەڵ بەغدا بەڕێوەدەبرێن، بەڵام هێشتا ئەو خاڵەى رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە.