گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەستەی گەورە زانایانی سعودیە بەیاننامەیەكی لەبارەی كاریكاتێرەكانی فەرەنسا بڵاوكردەوە

2020.10.25 - 22:46
دەستەی گەورە زانایانی سعودیە بەیاننامەیەكی لەبارەی كاریكاتێرەكانی فەرەنسا بڵاوكردەوە

ناس کورد-

ئەمیندارێتی گشتی دەستەی گەورە زانایانی سعودیە جەختیكردەوە "بێڕێزی بەرامبەر پێغەمبەران خزمەت بە توندڕەوی دەكات كە كڕیاری بارودۆخی ڕقاوی نێوان كۆمەڵگا مرۆییەكانن".

 

دەستەكە كە باڵاترین ئۆرگانی شەرعی عەرەبستانی سعودیەیە لە بەیاننامەیەكدا كە "ناس كورد" دیویەتی (یەكشەممە 25 تشرینی یەكەمی 2020) جەخت دەكاتەوە "ئەو بێڕێزیانەی كراوە بە پێغەمبەر هیچ پەیوەندی بە ئازادی بیروڕاوە نییە، بەڵكە دەمارگیرییەكی بێزراوە، خزمەتێكی خۆڕایی هەڵگرانی بیری توندڕەوییە".

 

بەیاننامەكە ئەوە بیری موسوڵمانان دەخاتەوە "ئیسلام فرمانیكردوە بە پشت هەڵكردن لە نەزانان و ژیاننامەی پێغەمبەریش ئەمەی تەرجەمە كردووە".

 

ماوەیەكە پەیوەندی جیهانی ئیسلامی و كۆماری فەرەنسا گرژی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەدوای سەربڕینی مامۆستایەكی فەرەنسی كە كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام لەپۆلدا بڵاوكردبوویەوە، قەیرانەكە قووڵتر بووەتەوە، لەدوا پێشهاتی ئەو ئاڵۆزییەشدا ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا هەڵمەتێكی گەورەی بەرپاكردووە بۆ دژایەتی دیاردەیەك كە ناوی ناوە "تیرۆری ئیسلامی" لەم میانەیەشدا ستایشی زۆری مامۆستا كوژراوەكەی كردووە، لەپای ئەمەش هەڵمەتێكی پێچەوانە بۆ سەركۆنەكردنی هەڵوێستەكانی فەرەنسا لەجیهانی ئیسلامی بەڕێودەچێت.