گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانى یەکێتى لەسەر رێککەوتنیان لەگەڵ پارتى لەبارەى بازنەکانى كەركوك و نەينەوا

2020.10.25 - 22:09
لێدوانى یەکێتى لەسەر رێککەوتنیان لەگەڵ پارتى لەبارەى بازنەکانى كەركوك و نەينەوا

ناس کورد-

ئەندامێكى پەرلەمانى عێراق لە فراكسيۆنى يەكێتى دەڵێت، لەگەڵ پارتى کێشەیەکى وایان نییە لەسەر بازنەکانى هەڵبژاردن لە کەرکوک و نەینەوا، کە پەرلەمان دەنگدان لەسەرى بۆ رۆژى دوشەممە دواخستووە.

 

شيروان ميرزا، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە ناس كوردى ڕاگەياند، (25ى تشرينى يەكەمى 2020)، دەزگاى هەڵبژاردنى يەكێتى و پارتى سەرقاڵى پەيوەندين لەگەڵ لايەنەكانى تر و لايەنە عێراقيەكانى تر وەك عەرەب و توركمان، سەبارەت بەو بازنانە يەكێتى و پارتى لەلايەك و پێكهاتەكان لەلايەك و شيعە و سونە لەلایەکى دیکە هەوڵەکانیان خستوەتەگەڕ.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، يەكێتى و پارتى كێشەيەكى وايان نييە لەسەر ئەو دوو پارێزگايە، بەڵكو ئەوەى هەيە كورد و عەرەب و توركمانن، پەرلەمانتارانى ئەو پێكهاتانەش خەريكى گفتوگۆ بوون لەو بارەيەوە و پێويستە تا سبەينێ خۆيان يەكلايى بكەنەوە و بگەنە ڕێكکەوتن.

 

پێشتر خەسرەو گۆران بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى بە کەناڵى رووداوى رایگەیاندبوو، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەیشتونەتە رێککەوتن لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی کەرکوک و موسڵ، بۆ ئەو مەبەستەش فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی عیراق یەکهەڵوێستیان دەبێت.

 

پەرلەمانى عێراق (24 تشرينی یەکەمی 2020) دەنگیدا لەسەر بازنەکانى هەڵبژاردن لە 16 پارێزگا و دەنگدانى لەسەر بازنەکانى کەرکوک و نەینەوا دواخست بۆرۆژى دووشەممە.