گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هه‌ولێر رێوشوێنەکان توند دەکاتەوە...بڕیارە نوێیەکان ئاشکراکرا

2020.10.25 - 20:19
هه‌ولێر رێوشوێنەکان توند دەکاتەوە...بڕیارە نوێیەکان ئاشکراکرا

ناس کورد-

ژوری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر چەند بریارێکى دەرکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، دواى بەرزبوونەوەى ئامارەکانى توشبوون و مردن لەو پارێزگایە و سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان.

 

بەگوێرەى بڕیارەکان کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە (25ى تشرينى يەكەمى 2020)،، هاوڵاتیان ناچار دەکرێن بە بەستنى دەمامک، مەفرەزەى گەڕۆک پێکدەهێنرێت وچەندین شوێن دادەخرێن.

 

دەقى بڕیارەکان:

 

راگه‌یندراوێك له‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020.10.25، لەدیوانی وەزارەتی ناوخۆ، به‌سه‌رپه‌رشتی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەئامادەبوونی بەڕێزان هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگار و ئەندامانی ژووری پۆپەراسیۆن و سەرجەم قایمقامەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر كۆبۆوه، کۆبوونەوە بەپشتبەستن بە بەیانی ژمارە(52)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-

 

یەکەم/ لێژنەی قایمقامیەتەکان و تیمەکانی تەندروستی و شارەوانی و چادێری بازاڕ و هێزە ئەمنییەکان، ڕاسپێردراون بەجێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

 

دووەم/ دەبێت سەرجەم هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەڕەچاووکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا (دەمامک) ببەستن، هەرکەسێک ڕەچاووی بەستنی (دەمامک)نەکات، بەپێی ئەو میکانیزمەی لەکۆبوونەوە بڕیاری لەسەر دراوە، ڕێکاری یاسیایی لەبەرمبەردا دەگیرێتەبەر.

 

سێیەم/ پێکهێنانی مەفرەزەی گەڕۆک لەهێزە ئەمنیەکان بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنا و بەستی (دەمامک) لەشوینە گشتییەکانی کۆمەڵگا و قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.

 

چوارەم/ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزیبن و لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیان پێویستە شوفێر و سەرنشین (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

 

پێنجەم/ ئەم شوێنانە دادەخرێن:-

(هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران، هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه، ئاهەنگی دەرچووانی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگا ئەهلی و حکومەیەکان، سەرجەم چاڵاکی خولە وەرزشییەکان‌، هه‌موو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک) 

 

شەشەم/ ئەم شوێنانە لەکاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن:-

(یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (بار)، موزیك لایف، ئاهه‌نگی شه‌وانەی یانەکان)‌

 

حەوتەم/ (پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت)، مەراسیمی سەرقەبران) بەداخراوی دەمێنیتەوە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.      

 

هەشتەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کراوەن، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن لەبەستنی دەمامک و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، له‌هه‌رشوێنێكی (بازرگانی، بازار، دوكان، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانه‌) رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)جێبه‌جێ نه‌كرێت، ده‌ست به‌جێ ئه‌م شوێنه‌ ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکە دادەخرێت.   

 

نۆیەم/ هاوینە هەوار و شوێنە گەشتییاریەکان، دەبێت ڕەچاووی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و خۆیان و گەشتییاران پایەندبن بە بەستنی(دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

 

دەیەم/ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی توشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان بەگشتیی، داوامان لە بەڕێز وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لەکۆبونەوەی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، لەگەڵ بەڕێزان وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا، پێداچوونەوە بەدەوامی قوتابخانەکان و کۆلێژ و پەیمانگاکان و ناوەندەکانی خوێندن بکرێت.

 

یانزەهەم/ داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئاینی و یەکیتی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکارمان بوونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کەپابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن و بەهیچ شیوەیەک ڕێگە بەخۆیان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان.                                                                                                                                          

 

دوانزەهەم/ سەرجەم بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڕێگە بەهیچ گروپێکی گەشتییاری و کەسێک نادرێت بەبێ بەستانی (دەمامک) داخڵی سنووری پارێزگای هەولێر بێت.

 

ئەم بڕیارانە لە کاتژمێر 12ی شەوی 26 لەسەر27ی 10ی 2020، دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

 

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

2020.10.25