گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم؛ بەشودانی کچ لە خوار تەمەنی 18 ساڵ زیادی کردووە

2020.10.25 - 20:09
هەرێم؛ بەشودانی کچ لە خوار تەمەنی 18 ساڵ زیادی کردووە

ناس کورد-

ئەگەرچی زۆرینەی توێژەران و کۆمەڵناسان دژی هاوسەرگیری پێشوەختە دەوەستنەوە و بە هۆکارى زۆربوونی ڕێژەی جیابوونەوەی دادەنێن، بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی تایبەت و بەدواداچوونێکی ناس کورد، دەرکەوتووە ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لەئێستادا بەراورد بە ڕابردوو بەڕێژەی %5 زیادی کردووە.

 

هاوسەرگیریی پێشوەختە ئەو دەستەواژەیە کە بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت لەخوار تەمەنی 18 ساڵیەوەن و ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنن، بەتایبەت ڕەگەزی مێ.

 

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێم کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاماری سلێمانییەوە دەست ناس کورد کەوتووە، تێیدا دەردەکەوێت، ئەو ژنانەی لە هەرێمی کوردستان لە لەئێستادا تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 49 ساڵدایە لە (%5)یان لەخوار تەمەنی 15 ساڵی هاوسەرگیریان کردووە، هەروەها (%20)یان لەخوار تەمەنی 18 ساڵییەوە هاوسەرگیریان کردووە.

 

بەگوێرەی ئامارەکە کە هی ساڵی 2018یە و ساڵی ڕابردوو جێبەجێکراوە، بەراورد بە 10 بۆ 30 ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی شوکردنی کچان لەخوار تەمەنی 18 ساڵییەوە زیاترە و زیادیکردووە.

 

لە ئامارەکەدا دەرکەوتووە، ئەو ژنانەی تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 24 ساڵدایە، واتە گەنجترن و لەدوای ساڵی 2010وە هاوسەرگیریان کردووە، (%6)یان لەخوار تەمەنی 15 ساڵی و (%25)یان لەخوار تەمەنی 18 ساڵییەوە هاوسەرگیریان کردووە.

 

لە بەرامبەردا بەگوێرەی ئامارەکە، لەعێراق ڕێژەکە زیاترە و ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 49 ساڵیدایە (%6)یان پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی 15 ساڵی هاوسەرگیریان کردووە، هەروەها (%25)یان پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی 18 ساڵی.

 

 ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم ساڵ لەدوای ساڵ ڕێژەی هاوسەرگیریکردن کەمدەبێتەوە و ڕێژەی جیابوونەوە زیاد دەکات.