گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تانە لەپرساندنی حكومەتی هەرێم لە پەرلەمان دەدرێت

2020.10.25 - 18:50
تانە لەپرساندنی حكومەتی هەرێم لە پەرلەمان دەدرێت

ناس كورد-

 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، تانە لەپرساندنی بەرپرسانى حكومەتی هەرێم دەدەن، لەبەرئەوەی بەپێی پەیڕەو دەبێت ئەو بەرپرسانە لەپەرلەمان ئامادە بن، بەڵام ئەوان وەڵامەكانیان بۆ پەرلەمان رەوانە كردووەتەوە.

 

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو كە یەكێكە لەفراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن و داوای پرساندیان كردبوو بە ناس كوردی راگەیاند (25ی تشرینی یەكەمی 2020)، "ئەوان تانەیان هەیە لەسەر شێوازی پرساندنەكە، چونكە بەپێی ئەو بانگهێشتەی بۆ ئەوان چووە دەڵێت گفتوگۆكردن لەسەر وەڵامەكانی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی، واتە وەڵام دەنێرن، نەك خۆیان ئامادەی كۆبوونەوەكە بن".

 

وتیشى "لەبەرئەوە بەو شێوەیە گفتوگۆ ناكرێت، راستە لەپەیڕەودا دەڵێت پرساندنی غیابی، بەڵام دەبێت بەشێوازێكی یاسایی غائیب بێت، چونكە لەپرساندن دەبێت بەرپرسەكان خۆیان ئامادەبن".

 

سەبارەت بەوەی چۆن ئەو تانەیە دەدەن، ناوبراو روونیكردەوە "دەمانەوێت لەئێستاوە ئەو مەسەلەیە راست بكەینەوە، چونكە بە باوەڕی ئێمە ناپەیڕەوییە".

 

سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان (25ی تشرینی یەكەمی 2020)بەرنامەى دانیشتنى داهاتووى پەرلەمانى ئاشکرا کرد کە تیایدا گفتوگۆى پرساندنى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەیى و وەزیرى دارایى دەکرێت.  

  

لە راگەیەندراوى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستاندا کە وێنەیەکى دەست (ناس کورد) کەوتووە ئاماژە بەوە کراوە، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (9)ی ئاساییی خولی پایزه‌ى رۆژی سێشه‌مه‌ رێكه‌وتی 2020/10/27ى راگه‌یاند.  

  

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لەدانیشتنەکەدا گفتوگۆی پرساندن و وه‌ڵامه‌كانی (سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران) و (جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران) و (وه‌زیری دارایی و ئابووری)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (70، 71، 73) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان دەکرێت.