گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێترین زانیاری لەبارەی ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر بازنەی هەڵبژاردنەکان

2020.10.25 - 13:55
نوێترین زانیاری لەبارەی ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر بازنەی هەڵبژاردنەکان

ناس کورد – هەڤاڵ فەتاح

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەبارەی یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردنی هەردوو پارێزگای کەرکوک و نەینەوا لە ئێستادا بەچڕی لە نێوان لایەنە سیاسیەکان بەڕێوە دەچێت و دەڵێت، دەبێت ئەمڕۆ ئەو پرسە یکلایی بکرێتەوە.

 

مەریوان نادر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان (یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکیدا بەناس کوردی ڕایگەیاند: " بەهۆی ئەوەی پارێزگای کەرکوک و نەینەوا پێکهاتەیەکی فرەنەتەوەی تێدایە، لە ئێستادا گرفت بۆ یەکلایی کردنەوەی میکانزمی بازنەکان لەو دوو پارێزگایە درووست بووە".

 

وتیشی: " لەئێستادا گرفتەکە قەتیس بووە لە چۆنێتی دیاریکردنی شوێنی ئەو بازانانە و ژمارەی ئەو کورسیانەی کە دەبێت هەر بازنەیەک بیگرێتە خۆی،  کورد، تورکمان وعەرەب هەریەکە دیدێکی جیاوازی هەیە لە وبارەیەوە، هەر پێکهاتەیەک دەیەوێت بەکەمترین زیان ئەوهاوکێشەیە بۆخۆی یەکلایی بکاتەوە".

 

 نادر ئەوەشی خستەڕوو: " ئەمڕۆ تا سبەی دووشەممە لایەنە سیاسییەکان بەردەوام دەبن لە دانوستاندا بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێککەوتن، چونکە بڕیارە ئێوارەی سبەینێ دانیشتنێکی پەرلەمان سازبکرێت بۆ یەکلایی کردنەوە و دەنگدان لەسەر بازنەکانی ئەو دوو پارێزگایە"

پەرلەمانی عێراق (شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2020) پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و ئەنجامدا، تا ئێستا لایەنەکانی عێراق لەبارەی ژمارەی کورسی پارێزگاکان نەگەیشتونەتە رێککەوتن، فراکسیۆنەکانی کورد لەگەڵ ئەوەدان کە  هەر پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردنی هەبێت، بەڵام تاڕادەیەک ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق فرەبازنەیی دەبێت.