گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کۆرۆناش تێکەڵ بە کۆمپانیا و بازرگانیی سنورەکان کرا و پارە لە خەڵک وەردەگرێت’’

2020.10.25 - 10:59
’’کۆرۆناش تێکەڵ بە کۆمپانیا و بازرگانیی سنورەکان کرا و پارە لە خەڵک وەردەگرێت’’

ناس کورد-

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، چەند کۆمپانیایەک ڕۆژانە سەدان هەزار دۆلاریان لە پشکنینی کۆرۆنادا لە خاڵە سنورییەکان دەستدەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا نەک سودیان نییە، بەڵکو زیانیشیان بە خەڵک گەیاندووە و خەڵک لەوێ توشی کۆرۆنا بووە.

 

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان (یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2020) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "چەندین کۆمپانیا لە خاڵە سنوریەکان بەناوی جیاواز مانگانە نزیکەی 65 ملیۆن دۆلار لە ھاووڵاتیان وەردەگرن، ئێستا بەناوی پشکنینی کۆرۆنا ھەمان ئەو کۆمپانیایانە ھەموو ڕۆژێک سەدان ھەزار دۆلار  لە ھاووڵاتیان وەردەگرن بە بێ ھیچ سودێک و بەشێوەی ناڕەوا."

 

ئاماژەی بەوەشكڕدووە: "ئەم یاداشتەم پاش ڕاوێژ لەگەڵ چەندین پزیشکی پسپۆڕ و ھاووڵاتی کە لە مەرزەکانەوە داخڵبوە نوسی، پێشتر داومە بە بەرپرسانی حکومەت، بەڵام بەداخەوە ئەم وەرگرتنی پارە بە شێوەی ناڕەوا لە ھاووڵاتیان بەردەوامە، تاوانە ڤایرۆسی کۆرۆناش وەک ڕێگایەک بۆ بازرگانی بەکاربێت."

 

باسی لەوەشكردووە: "من لەگەڵ ھەموو خۆپارێزیەکم، بەڵام ئەم پارە وەرگرتنە ھیچ پەیوەندی بەخۆپارێزی نیەو ئەگەر تووشبون زیاددەکات، بە ناوی پشکنین ھەر ھاووڵاتیەک لە تورکیا یان ئێران دێتەوە 50 دۆلاری لێوەردەگیرێت بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا."

عەلی حەمەساڵح دەڵێت: "پاش گفتوگۆ و ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵێک پزیشک، دەرکەوت نەک سودی نیە ئەم پشکنینە، بگرە زیانیشی ھەیە، ئەو ھاووڵاتیە کۆرۆنای ھەبێت یانا نا، داخڵی کوردستان دەبێت و تێکەڵاوی خەڵک دەبێت."

 

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، لە دەروازەکە بە هاووڵاتیان دەڵێن: "ئەگەر کۆرۆنات بوو بە نامەیەک ئاگادارت دەکەینەوە، دوای دوو ڕۆژ" بەڵام دوای تێکەڵاوبوون لەگەڵ سەدان کەس، دوای دوو ڕۆژ تووشبوون خۆی ھەست بە نیشانە دەکات، جگە لەوەی چەندین کەس گەڕاونەتەوەو ھیچ نامەیەکیان بۆ نەھاتوە و دوای ماوەی دوو ڕۆژ تووشی کۆرۆناش بون، گومان دەکرێت ئەمە بە ھۆی تێکەڵاوی بێت لە خاڵی سنوری.

 

دەشڵێت: "ئێستا تورکیاو ئێران بۆ ھەرێم مەترسیدارتر نین، چونکە ژمارەی تووشبوان بەراورد بە ڕێژەی دانیشتوان لە ھەرێمی کوردستان زۆر  زیاترە تاوەکو تورکیاو ئێران، بۆیە داواکارم لە پێداچونەوە بۆ ئەم بڕیارە."

 

نوسینەکەی عەلی حەمەساڵح لەکاتێکدایە زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر ناس کورد لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرایکرد کە کاری پشکنینی کۆرۆنا لە دەروازە سنورییەکان دراون بە کۆمپانیا و تەنها لە دەروازەی باشماخ مانگانە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار داهاتی کۆمپانیایەکە.