گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

محەمەد شێخ وەهاب: چوومە بەردەم دادگا هەموو قاچاغییەکان خراونەتەسەر من

2020.10.25 - 09:36
محەمەد شێخ وەهاب: چوومە بەردەم دادگا هەموو قاچاغییەکان خراونەتەسەر من

ناس کورد-

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە تۆمەتی ساختەکردنی وەسڵی گومرگی دراوەتەپاڵ، ڕەتیدەکاتەوە هەڵهاتبێت و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چووەتە بەردەم دادگا، دەشڵێت، هەموو قاچاغی و تەزویرکردنەکان خراونەتە سەر ئەو.

 

محەمەد شێخ وەهان، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان (یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2020) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک ڕایگەیاند: " ماوەی دوو ھەفتەیە ھەموو قاچاغی و تەزویر کردن لە دەروازە سنوریەکانی باشماخ و پەروێزخان خراوەتە سەر من، وەک ئەوەی بڵێیت من کردومە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەمڕۆ سەربەرزانە ڕۆشتمە بەردەم دادگا، نە ھەڵھاتووم نە بۆ ھیچ کوێیەک دەچم، ملم لە موو باریکترە بەرامبەر یاسا."

 

ئەندامەکەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشكردووە: "من خاوەنی 10 ملیۆن دۆلار نیم، ھەرکەسیش گومان دەکات 10 ھەزار دۆلارم پێبدات، گەردنی ئازاد بێت نۆ ملیۆن و 990 هەزار دۆلار بۆ خۆی ."

 

ئەوەش لەکاتێكدایە، لەماوەی ڕآبردوودا بەتۆمەتی ساختەکردنی وەسڵی گومرگ فرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند کەسێک دەرچوو، لەنێویاندا محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان، دواتریش دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە محەمەد شێخ وەهاب هەڵهاتووە بۆ دەرەوەی وڵات.

 

دوێنێ شەممە، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک ڕایگەیاند، لەو دۆسییەیەدا 40 کەس تێوەگلاون و پێویستە سەرجەمیان دەستگیربکرێن.