گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستی هەرێم رونکردنەوە لەبارەى بڕیارێکى لیژنەى کۆرۆنا دەدات ’’هەڵە تێگەیشتن دروستبووە’’

2020.10.24 - 20:57
تەندروستی هەرێم رونکردنەوە لەبارەى بڕیارێکى لیژنەى کۆرۆنا دەدات ’’هەڵە تێگەیشتن دروستبووە’’

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەڵە تێگەیشتن هەیە لەبارەى بڕیارەکەی لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا بۆ سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو کەسانەی دەمامک ناپۆشن، بڕیارەکە تەنها بۆ شوێنە داخراوەکان و هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتییە.

 

ئاسۆ حەوێزی  وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان  بەناس کوردی ڕاگەیاند (24ی تشرینی یەکەمی 2020) "بڕیارەکە تەنها لە شوێنە داخراوەکاندا جێبەجێدەکرێت کە دەرفەتی هەواگوڕکێی تێدانییە، هەروەها لەناو هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتییدا، لە شەقامەکان و شوێنە کراوەکاندا جێبەجێناکرێت".

 

وتیشی "پارێزگاکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەشارەکانی  سەر پشک کراون لە چۆنێتی جێبەجێکردنی بڕیارەکان، وەزارەتی تەندروستیش لەڕێگەی لێژنەیەکی بەدواداچوونەوە ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پرسەکە دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان وهەڵسەنگاندن بۆئەنجامی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکات".

 

لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیاریدا (24ی تشرینی یەکەمی 2020) ، لە (ماركێت، رێستۆرانت و شوێنه‌ بازرگانیه‌كان) نابێت رێگه‌ بدرێت به‌چونه‌ ژوره‌وه‌ی هاوڵاتیان به‌بێ ده‌مامك، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ داده‌خرێت، ده‌سه‌ڵاتیش ده‌درێته‌ ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگاكان بۆ داخستنی ئه‌و شوێنانه‌ی قه‌ره‌باڵغیان تێدایه‌.

 

هه‌ربه‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هه‌ركه‌سێك ره‌چاوی به‌ستنی ده‌مامك نه‌كات، به‌بڕی 20 هه‌زار دینار سزا دەرێت، شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كانیش به‌ جۆره‌كانی (تایبه‌ت، بارهه‌ڵگر، كرێ) له‌كاتی هه‌بونی سه‌رنشین له‌گه‌ڵیاندا پێویسته‌ پابه‌ندبن به‌ به‌ستنی ده‌مامكه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا به‌بڕی 50 هه‌زار دینار سزا دەدرێن.