گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنەکان نەگەشتنە ڕێککەوتن و پەرلەمانتارێکی پارتیش زەنگی دواخستنی هەڵبژاردنی لێدا

2020.10.24 - 15:33
فراکسیۆنەکان نەگەشتنە ڕێککەوتن و پەرلەمانتارێکی پارتیش زەنگی دواخستنی هەڵبژاردنی لێدا

ناس کورد-

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ژمارەى 12ی پەرلەمانی بۆ دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان بە تایبەت بازنەکان دەستپێکرد، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت، هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکرێت.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق (24 تشرينی یەکەمی 2020)، "سەرۆکى پەرلەمان بڕیاری داوە بڕگەی تایبەت بە بازنەکانی هەڵبژاردن دوابخات تا ئەو کاتەى کۆبوونەوەى سەرۆکى فراکسیۆنەکان کۆتایی دێت و دەگەنە ڕێککەوتن."

 
بابەتی بازنەکانی هەڵبژاردن زۆرترین مشتوری لەبارەوە کرا و تائێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەیەوە، هاوکات چاوەڕی ناکرێت ئەمڕۆش بگەنە ڕێککەوتن.  

  

لەلایەکی ترەوە، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، بەهۆینەبوونی بودجەی پیویست و ڕێکنەکەوتنی تەواوەتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت و دوادەخرێت.

مەیادە نەجاڕ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی (24ی تشرینی یەکەمی 2020) بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند: "چوار مانگ بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە ماوە لە عێراق، بەڵام ھیچ ئامادەكارییەكیش نەكراوە بۆ ئەوەی كۆمسیۆن پڕۆسەكە بەڕێوە ببات، بۆیە ئەستەمە لەو ماوەیەی دیاری كراوە ھەڵبژاردن بكرێت و بۆ كاتێكی دیكە دوادەخرێت."



ئاماژەی بەوەشكردووە، هەروەها پەرلەمان لەسەر یاسای ھەڵبژاردن لەبارەی ئەو بڕگەیەوە كۆك نییە كە باسی بازنەكان دەكات، بە تایبەت كە قەزاكان چۆن لێك بدرێن و ھەڵبژاردنیان تێدا بكرێت و تا ئێستاش ئەو پرسە وەكو خۆی ماوەتەوە و نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.



ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوەشكردووە، جگە لەوەش، کۆمسیۆن ھیچ ئامادەكارییەكی نەكردووە و پێوستی بە كاتی زیاتر و بودجە ھەیە، حكوومەتیش پارەی نییە بۆی تەرخان بكات، بۆیە ئەستەمە لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن بکرێت و بكرێت و دوادەخرێت.



نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی وەک وادەى ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیاند.



لەوکاتەوە چەند جارێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت.