گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هاوکاریی هەژاران دراوە بە دەوڵەمەندەکان’’.. ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاوار دەکات

2020.10.24 - 15:12
’’هاوکاریی هەژاران دراوە بە دەوڵەمەندەکان’’.. ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاوار دەکات

ناس کورد-

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جارێکی تر دووپاتی دەکاتەوە ئەو هاوکارییە خۆراکییەی دابینکراوە بۆ هەژاران زۆرێک لە هەژارەکانی لێ بێبەشکراوە و دەدرێت بە دەوڵەمەندەکان، دەشڵێت، بەدواداچوونی کردووە و زۆرینەی کرێکارانی ژینگەپارێز هاوکارییەکەیان پێنەدراوە.

 

کاسترۆ مەعرود، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2020) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند: "ئەو خۆراکەی کە بەناوی هەژارانەوە دابەش دەکرێت لەجیاتی ئەوەی بدرێت بە هەژاران بەشێکی زۆری دراوە بەخێزانە دۆڵەمەندەکان."

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، سەردانێکی مەیدانی کردووە بۆلای کرێکارانی ژینگەپارێز سەبارەت بەو بڕە خۆراکەی کە بە سەرپەرشتی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بەسەر کەمدەرامەتان دابەش دەکرێت، بەڵام بەشێکی زۆر زۆریان بێ ئاگابوون لەو بابەتە و وتیانە سەردانی  شوێنی وەرگرتنی خۆراکمان کردووە ناوی ئێمەی تێدا نییە."

 

کاسترۆ مەعروف ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەوەی جێگای داخە بەشێکی زۆریان خاوەنی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتن، دەپرسم دەبێت چ ویژدانێک بێت بتوانێت مافی ئەوانە بخوات و لەبری ئەوانە خۆراکەکانیان وەربگرێت دەبێت کەی وامان لێ بێت دووربکەوینەوە لە ئەقڵیەتی خزم خزمێنی و حزبایەتی دەبێت چ ویژدانێک ئەمە قبوڵ بکات مافی ئەو کرێکارانە بخوات کە بەشەو بەڕۆژ بە موچەیەکی کەم شەقام شوێنە گشتیەکانمان بۆ پاک دەکەنەوە."

 

باسی لەوەشکردووە: "بێبەشکردنی کرێکاران و هەژاران لەتەواوی سنوری پاریزگای  سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دیاردەیەکی  ناشیرینە و  پێشنیار بۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەم لیژنەیەکی  مەیدانی ڕابسپێرێت بۆ پشت ڕاست کردنەوەی بەدواداچونەکانم  و چارەسەرکردنی ئەم ناعەدالەتیە، ناکرێت خەڵکانی بازرگان و دەوڵەمەند چیتر خۆراکی هەژارەکانیان پێ بدرێت ."