گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەیان چالاکی بادینان بێسەروشوێنن و پەرلەمانیش دەڵێت ’’ئێمە ناتوانین ئازادیان بکەین’’

2020.10.24 - 11:17
دەیان چالاکی بادینان بێسەروشوێنن و پەرلەمانیش دەڵێت ’’ئێمە ناتوانین ئازادیان بکەین’’

ناس کورد-

نوێنەری سەنتەری میترۆ لە دهۆک نوێترین زانیاری لەسەر چارەنوسی براکەی ئاشكرادەکات و دەشڵێت، لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 200 کەس لە سنوری بادینان دەستگیرکراون و زیاتر لە 10 کەسیشیان بێسەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە.

 

لیژنەی مافی مرۆڤ لەوبارەیەوە سەردانی سنورەکەیان کردووە و بە وتەی سەرۆکی لیژنەکە، بەرپرسانی دهۆک و زاخۆ وتوویانە: "ئەو کەسانە بە فرمانی داواکاری گشتیی دەستگیرکراون و ئێمە ناتوانین دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان بکەین."



نوێترین کەیسی دەستگیرکردنی چالاکوانان لە سنوری بادینان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بوو کە شڤان سەعید بەرۆشکی، لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە دەستگیرکرا و تائێستا چارەنوسی نادیارە.



ئەیهان سەعید، برای شڤان سەعید (شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا چارەنوسی براکەم نادیارە، زۆرمان هەوڵداوە بەڵام نازانین لە کوێیە و وەڵاممان نادەنەوە."



وتیشی: "پۆلیسی دهۆک ڕاگەیەندراوێکی بڵاویکردووەتەوە کە دەڵێت، پۆلیس دەستگیریکردووە، بەڵام ئێمە دڵنیاین کە براکەم لای پۆلیس نییە، چونکە لە هیچ شوێنێک نەبووە، پۆلیس بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و بە چەکداری دەمامکدارەوە خەڵک دەستگیر بکەن، ئەوە ڕفاندنە نەک دەستگیرکردن."



ماوەی چەند مانگێکە دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە، ئەگەرچی بەرپرسانی سنورەکە باس لەوەدەکەن کە ئەو کەسانە بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراون، بەڵام چالاکوانان دەڵێن، دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لەسەر ئازادی ڕادەربڕینە و بەبێ بڕیاری دادگایە.



ئەیهان سەعید کە لەهەمانکاتدا نوێنەری سەنتەری میترۆیە لە سنورەکە، باسی لەوەکرد: "پرۆسەی دەسگیرکردنی چالاکوانان لە بادینان لە 11ی ئابی 2020ەوە دەستیپێکردووە، واتە کەمتر لە سێ مانگە، لەوکاتەوە تائێستا زیاتر لە 200 کەس دەستگیرکراون، بەڵام بەشێکیان بە کەفالەت یاخود بەبێ تاوان ئازاد کراون."



وتیشی: "ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین، بە دەیان کەس تاوەکو ئێستا لە زیندانن یاخود بێسەروشوێن، لەنێویاندا، مامۆستا بەدەل بەرواری، ئومێد بەڕوشکی، مامۆستا شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، ئەریوان عیسا، ئەیاد کەرەم، شێروان شێروانی، هەشت ئەندامی پێشووی هاوپەیمانی نیشتیمانی و چەند کەسێکی دیکەش کە ناسراو نین، بەڵام هێشتا لە زیندانن یاخود بێسەروشوێنن."



بەوتەی ئەیهان سەعید، کەسوکاری زۆرێک لەو کەسانەی هێشتا لە زیندانن یاخود بێسەروشوێنن لەژێر فشار و هەڕەشەدا ناوێرن قسە بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن، وتیشی: "چەندین کەس بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە ئیتر بەشداری خۆپیشاندان نەکەن و ڕەخنە نەگرن."



نوێنەری سەنتەری میترۆ لە دهۆک ڕەخنەی لە پەرلەمانی کوردستان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان گرت و ئاماژەی بەوەکرد: "زۆر بێ هەڵوێست بوون لەم پرسەدا و تاوەکو ئێستا هەوڵی جدیان نەداوە لەوبارەیەوە کە سنوری ئازادی ڕادەربڕین بەوشێوەیە بەرتەسک کراوەتەوە."



لە بەرامبەردا، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کەمتەرخەم بووبن و دەڵێت، سەردانی دهۆک و زاخۆیان کردووە و بەرپرسانی سنورەکە وتویانە: "ئەو کەسانە بە فرمانی داواکاری گشتیی گیراون و ئێمە ناتوانین دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان بکەین."



ڕۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیردن لە مافی مرۆڤ بە ناس کوردی وت: "ئێمە سەردانی زۆرینەی ناوچەکانمان کردووە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی خۆپیشاندەران و ئازادی ڕادەربڕین، لە نێویاندا سنوری دهۆک و زاخۆ."



وتیشی، بەرپرسانی سنوری دهۆک و زاخۆ پێیان وتوون: "ئەو کەسانە بە فرمانی داواکاری گشتی دەستگیرکراون و ئێمە ناتوانین دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان بکەین."



سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، بەدواداچوونی وردیان کردووە و سەیری دۆسییەکانی ئەو دەسگیرکراوانەیان کردووە، زۆرینەیان بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراون.



باسی لەوەشکرد: "بەداخەوە زۆرکات کە لەو پرسانەدا بەبێ زانیاری و بەبێ ئەوەی خەڵک بزانێت لیژنەکانی پەرلەمان چیان کردووە لەسەر پرسێک، یەکسەر ڕەخنە لە پەرلەمان دەگیرێت، بەڵام کاری ئێمە بەدواداچوونە و ئەوەی لە تواناماندا بوبێت کردوومانە، ئێمە ناتوانین بچین خەڵک ئازاد بکەین و دەسەڵاتی جێبەجێکردن نین، کاری ئێمە چاودێریکردنە."