ناس کورد-
ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، دواى ڕاگرتنى هێرشى گروپە چەکدارییەکانى سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا، لەئێستادا ئەو گروپانە هێرشەکانیان بۆ سەر "لایەنگرانى ئەمەریکا لە عێراق لەوانە هەرێمى کوردستان چڕ کردووەتەوە" ئەوەش بەمەبەستى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراقدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەى (زە هیڵ) ئەمەریکى کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە هاتووە، دواى هەڕەشە جدییەکانى ئەمەریکا بۆ سەر گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران لە عێراقدا، ئەو گروپانە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازى و شاندە دیپلۆماتییەکان ڕاگرتووە، بەڵام هێرشەکانیان بۆ سەر لایەنگرانى ئەمەریکا لە عێراق لەوانە هەرێمى کوردستان چڕتر کردووەتەوە.
میدیا ئەمەریکیەکە دوو نمونەى لە هێرشى ئەو گروپە چەکدارانە باس کردووە کە کراونەتە سەر لایەنى کوردى لەوانەش هێرشە موشەکیەکان بۆ سەر هەولێر لە کۆتاى مانگى ڕابردوودا و هێرش کردنە سەر بارەگاکەى پارتى لەبەغدا کە لەهەردوو هێرشەکەدا پەنجەى تۆمەت بۆ حەشدى شەعبى درێژدەکرێت.
بەپێى ئەو میدیا ئەمەریکیە، مەبەست لەو هێرشانە بۆ فشار خستنە سەر ئەمەریکایە بۆ ئەوەى هێزەکانى لە عێراقدا بشکێنیتەوە.
لاى خۆیەوە سیس ج فرانتزمان بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى ناوەندى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ڕایگەیاندووە، گەر گروپە چەکدارەکان هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا لەترسى کاردانەوە ڕاگرتووە بەڵام بۆ سەر لایەنگرانیان لەوانە کورد ڕانەگرتووە و ئەوەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەى وڵات کۆنترۆڵ بکەن.
فرانتزمان لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا بەپێویستى دەزانێت ئەمەریکا ئۆقرەیى بۆ هەرێم دەستەبەر بکات دواى هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەى هەولێر لەو ناوچانەى حەشدى شەعبى تێدایە فشار بکات بۆ کشانەوەى لیواى 30 حەشد بۆ دەرەوەى سنورەکانى هەولێر.