گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە هۆکار چییە

حکومەتی عێراق موچەى چەند پەرلەمانتار و بەرپرسێکی ڕاگرت

2020.10.24 - 08:49
حکومەتی عێراق موچەى چەند پەرلەمانتار و بەرپرسێکی ڕاگرت

ناس کورد-

دەستەى دەستپاکى عێراق ئاشکراى دەکات، موچەى ئەو پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسانە ڕاگیراوە کە تا ئێستا فۆرمى ئەستۆپاکیان بۆ ئاشکراکردنى موڵک و ماڵیان پڕنەکردووەتەوە و تا ئێستاش لە 94% پەرلەمانتاران فۆرمەکەیان پڕ کردووەتەوە.

 

یاساکەى دەستەى دەستپاکى عێراق بۆ ئاشکراکردنى موڵک و ماڵى بەرپرسان، هەر سێ سەرۆکایەتیەکە، سەرۆک کۆمار و وەزیران و پەرلەمان و پەرلەمانتاران و وەزیرەکان و پلە وەزیر و ئەنجومەنى دادوەرى و داواکارى گشتى و سەرۆک و ئەندامانى دادگاى فیدراڵیش دەگرێتەوە.


موعتەز عەباسى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پاراستن لە دەستەکە ئەمڕۆ (24ى تشرینى یەکەمى 2020) بە ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى ڕاگەیاندووە: "هەر سێ سەرۆکایەتیەکە و وەزیرەکان جگە لە وەزیرەکانى دارایى و پەیوەندییەکان فۆرمى ئەستپۆپاکى داراییان پڕ کردووەتەوە و گەڕاندوویانەتەوە".



ئەو هەنگاوانەى کە ئێستا بۆ ئاشکراکردنى موڵک و ماڵى بەرپرسان دەنێرێن بۆ هەموارکردنى یاساکە لە کۆتایى ساڵى پار و کاراکردنى لەلایەن دەستەکەوە دەگەڕێتەوە، لەو بارەیەوە عەباسى دەشڵێت: "لیستى ناوى ئەو ئەندام پەرلەمان و بەرپرسانەى دیکەمان بە وەزیرەکانیشەوە ڕەوانەى دەزگاى پەیوەندیدار کردووە و داواى ڕاگرتنى موچەکانمان کردوون تا ئەو کاتەى موڵک و ماڵەکانیان بۆ دەستەکەمان ئاشکرا دەکەن".


بەرپرسەکەى دەستەى دەستپاکى جەختى لەوەش کردەوە، گەر ئەو بەرپرسانە هەر بەردەوام بن لە نەنارنەوەى فۆرمى ئەستۆپاکى دارایی، ئەوا دەستەکەیان ڕێوشوێنى توندتر لەدژیان دەگرێتە بەر، لەسەرووى هەموویانەوە سکاڵاى یاساییان لەدژ تۆمار دەکات.


بەپێى ڕۆژنامەکە، ئامانجى دەستەى دەستپاکى لە ئاشکراکردنى موڵک و ماڵى بەرپرسانى دەوڵەت بۆ ئەوەیە چاودێرى زیادبوونى موڵک و ماڵیان بکات کە بەشێوەیەکى نایاسایى و لەڕێگەى گەندەڵیەوە بەدەستى دەهێنن، بەپێ پەیڕەوى دەستەکەش ساڵانە بەڕێژەى 20% موڵک و ماڵى بەرپرسان یاخود هاوسەر و منداڵەکانیان زیاد بکات نەگونجێت لەگەڵ داهاتەکانیاندا و پاساوێکى ڕەوا بۆ ئەوە نەهێننەوە، ئەوا ئەوە دەسەلمێنێت کە بەشێوەیەکى ناشەرعى بەدەستهێنراوە.