ناس کورد-
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاگاداری کەسوکاری ئەو کۆچبەرە کوردانە دەکاتەوە کە لە وڵاتی میسر دەستبەسەرن لە نزیکترین کاتدا بەڵگەنامەی پێویستیان بۆ بنێرن بۆ کارئاسانی و هاوکاریکردنیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند: "بەمەبەستی هاوکاری و کارئاسانی بۆ ئەو کۆچبەرە کوردانەی لەلایەن هیزی دەریای میسرییەوە ڕزگار کراون و لەئێستادا لەو وڵاتە دەست بەسەرن، داواکارین لە کەسوکاریان لە نزیکترین کاتدا بەڵگەنامەی ئەو کۆچبەرانە بگەیەننە دەستمان ".
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەڵگەنامە پێوستەکان ئەمانەن:
یەکەم – کۆپی پاسپۆرتی عێراق.
دووەم – کۆپی کارتی نیشتیمانی یان پێناسی باریشارستانی و جنسییە.
سێیەم- ژمارە تەلەفونی کەسوکار و شوێنی نیشتەجێ کۆچبەرەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان یان عێراق.
ئاری جەلال ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەتوانن لەڕێگای ئەم ژمارە تەلەفۆنە بە ڤایبەر زانیاریەکانتان بنێرن: "07719671551"
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی، دەزگای لوتکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو 18ی تشرینی یەکەمی 2020، یەختێك لەکەناراوەکانی وڵاتی تورکیاوە کە 57 کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو و زۆربەی کۆچبەرەکان کوردی باشور و ڕۆژهەڵاتن لەگەڵ هاوڵاتیەکی میسڕی و هاوڵاتیەکی توركی و دواتر لەناوەڕاستی دەریادا یەختەکە پەکی کەوتبوو."
ئاماژەی بەوەشكردبوو: " بەپێی زانیاریەکان 34 کۆچبەریان خەڵکی هەرێمی کوردستانن لەڕۆژی سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2020، یەختەکەیان لەناوەڕاستی دەریادا پەکی کەوتووە و هیچ لایەك نەچووە بەهانایانەوە هەتا ڕۆژی چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەم، باخیرەیەکی هێزی دەریایی میسڕ چووە بەهانایانەوە و هەڵیگرتوون."