گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێکى ئەمەریکى باس لە قەیرانى پێدانى موچە  لەعێراق دەکات

2020.10.23 - 23:47
ڕاپۆرتێکى ئەمەریکى باس لە قەیرانى پێدانى موچە  لەعێراق دەکات

ناس کورد- 

میدیایەکى ئەمەریکى ئاشکراى کرد، بارودۆخى حکومەتى عێراق بۆ پێدانى موچەى فەرمانبەران نالەبارە و چینە سیاسیەکانیش گۆڕانکارییان ناوێت و چاوەڕوانى بەرزبونەوەى نرخى نەوت دەکەن و پێناچێت وەرەقەى سپى چاکسازى پێش هەڵبژاردنى پێشوەختە جێبەجێ بکرێت.

 

لەڕاپۆرتێکى ئاژانسى ئاسۆشێتید پرێس کە ناس کورد بەدواداچونى بۆ کردووە، ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە (23ى تشرینى یەکەمى 2020)، حکومەتى عێراق هەوڵدەدات موچەى فەرمانبەرانى حکومەت لەدۆخێکى پڕ قەیران و نەبونى سیولە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و پەتاى کۆرۆناوە دابین بکات بەڵام دۆخەکە دیارنیە بەرەو کوێ دەڕوات و نازانرێت تاچەندە ئەگەرى دواکەوتنى موچە هەیە کە بۆ مانگى ئەیلولى ڕابردو چەند هەفتەیەک لەوادەکەى خۆى دواکەوت.

 

باس لەوەش کراوە حکومەت بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕوانە تا لەڕێگەى وەرەقەى سپى چاکسازییەوە کە خراوەتە بەردەستى پەرلەمان گۆڕانکارییەک ڕوبدات و بەرچاوى ڕۆشنبێت، بەڵام ڕاوێژکارانى سەرۆک وەزیران ترسیان لەوە هەیە لەگەڵ نزیکبونەوە لەوادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە ئیرادەیەکى سیاسیى بەهێز نەبێت بۆ جێبەجێکردنى ئەو پلانە.

 

ئاسۆشێتید پرێس دەشڵێت، لەئیستادا حکومەت بەراورد بە 15 ساڵ پێش ئێستا پێدانى موچەى بەڕێژەى 400% زیاد کردووە و لە 75% خەرجیەکانی دەوڵەتیش لەساڵى 2020 دا بۆ خەرجیەکانى کەرتى گشتى دابینکراوە و ئەوەش خوێنبەربوونێکى زۆرە لەداهاتە زۆرەکەى.

 

بەرپرسێکى حکومیش کە نەیوستوە ناوەکەى ئاشکرا بکرێت بەئاژانسەکەى وتووە:" چینە سیاسیە باڵاکان گۆڕانکارى ڕەتدەکەنەوە چونکە پێانوایە نرخى نەوت بەرزدەبێتەوە و دۆخەکەش باشتر دەبێت، بەڵام دۆخەکە باشترنیە گەر پاڵپشتى نەکرێت لەلێوارى داڕوخاندایە درەنگ و زوو کەوتووە".

 

ڕۆژنامەکە باسى لەوەش کردووە، خۆپیشاندەران لەیادى تشریندا بانگەشى خۆپیشاندان بۆ ڕۆژى 25ى ئەم مانگە دەکەن بەوەش پێدەچێت گردبونەوەى گەورە دروستببێت  بۆ خواستى چاکسازى لەحکومەتتدا.