کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- قائیمقامییەتی سلێمانی هۆشداری بە كافتریا و گازینۆ و شوێنێ خواردنەوە كهولییەكان دەدات لە پێشكەشكردنی نێرگەلە و خواردنەوە بە كەسانی خوار 18 ساڵ و ئاماژە بەوە دەكات هەر كەس ئەو كارە بكات شوێنەكەی دادەخرێت و خاوەنەكەی رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە. . گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، رایدەگەیەنێت "یاسا رێگری لە هاتووچۆكردنی منداڵی نەوجەوان و تەمەن خوار 18 ساڵ بۆ گازینۆ، كافتریای نێرگەلە و خواردنەوە كهولییەكان كردووە، بۆئەو مەبەستەش خاوەن شوێنەكان ئاگادار كراونەتەوە كە تابلۆی "هاتنە ژورەوە بۆ خوار تەمەن 18 ساڵ قەدەغەیە" هەڵبواسن و بە هیچ جۆرێك خواردن و خواردنەوە یاخود نێرگەلە پێشكەش بە مناڵی نەوجەوان نەكەن، بەپێچەوانەوە شوێنەكانیان دادەخرێت و خاوەنەكانیشیان روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە". . ئاماژە بەوەش دەكات، بەهۆی پێشكەشكردنی خواردنەوەی كهولییەكان و نێرگەلە بە كەسانی تەمەن خوار 18 ساڵ، لیژنەكانیان لە ساڵی رابردوودا 72 شوێن و لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 30 شوێنی دیەكەیان داخستووە و خاوەنەكانیشیان روبەروی رێكاری یاسایی كراونەتەوە. . بەوتەی سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، رۆژانە لیژنەی ریستۆرانتی سەر بە لیژنە هاوبەشەكان، سەردانی گازینۆ، كافتریاكانی كێشانی نێرگەلە و شوێنی خواردن و خواردنەوە كهولیەكان دەكات و لەكەموكورتی شوێنەكە و پابەند نەبوونیان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن دەپرسێتەوە. راگەیەندراوەكە لە كاتێكدایە كە پێشتر نوێنەرەكانی چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئەو رێكخراوانەی لە بواری پاراستنی مافی منداڵ كار دەكەن، سەردانی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانیان كرد بوو و لە كۆبونەوەیەكدا داوایانكرد لیژنە هاوبەشەكان لە مانگی رەمەزاندا زیاتر چاودێری گازینۆ و كافتریاكان بكەن تا رێگری زیاتر لە هاتوچۆكردنی مێردمنداڵان بۆ ئەو شوێنانە بكەن. .