گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق وەک وڵاتێک ناودەبرێت کە بکوژانى ڕۆژنامەنوسان تیایدا لەیاسا دەرباز دەبن

2020.10.23 - 20:15
عێراق وەک وڵاتێک ناودەبرێت کە بکوژانى ڕۆژنامەنوسان تیایدا لەیاسا دەرباز دەبن

ناس کورد- 

کۆمیتەى بەرگریکردن لە رۆژنامەنوسان ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوە و عێراقى لە لیستى ئەو وڵاتانە داناوە کە بکوژانى ڕۆژنامەنوسان تیایدا لەیاسا دەرباز دەبن. 

 

ڕاپۆرتى رێکخراوەکە پۆڵێنى ئەو وڵاتانەى کردووە کە تیایاندا تاوان لەدژى ڕۆژنامەنوسان ئەنجام دەدرێت و تاوانبارانیش لەلێپرسینەوەى یاسایى دەربازییان دەبێت. 

 

لەپۆلینکارییەکەى ئەو ڕیکخراوەدا عێراق لە پلەى 13دایە و هەروەها لە پلەى  پێنجەمی خراپترین ئەو وڵاتانەدایە کە مافەکانى ڕۆژنامەنوسانى تێدا پێشێل دەکرێت.

 

 ئەو ڕێکخراوە جیهانیە لەڕاپۆرتەکەیدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، ڕایگەیاندووە (23ى تشرینى یەکەمى 2020)، عێراق پلەى پێنجەمدایە و لە خراپترین ئەو وڵاتانەیە کە پرسە یاساییەکانى ڕۆژنامەنووسان تێدا بەبێ چارە ماوەتەوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، ئەو 13 وڵاتەى ناوچەکە کەڕێزکراون وەکو خراپترین وڵات بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆخى ڕۆژنامەنوسیدا، بەهۆى ئەوەیە دۆخى لێپرسینەوەى یاسایى لەگەڵ تاوانبارانى ئەو کەیسانەدا کە ڕۆژنامەنوسانى تێدا دەبنە قوربانى خراپە و تاوانباران دەربازیان دەبێت.

 

باس لەوەش کراوە ئەو دۆخەش کە لەو وڵاتانەدا لەدژى ڕۆژنامەنوسانە هاتووەتە کایەوە هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو وڵاتانە بەململانێ و شەڕ و ناکۆکیدا تێپەڕیوون و گروپە تاوانبارەکان و سیاسى و بەرپرسانى حکومیى هێزیان بەکارهێناوە لەدژى ڕۆژنامەنوسان بەتایبەتى لەو ڕاپۆرتە بنکۆڵکارى و ڕەخنەییانە و بەهێز سەرکوتیان کردوون.

 

کۆمیتەى پارێزگارى لەڕۆژنامەنوسان دەشڵێت، گەندەڵى و ناچالاکى دامەزراوەکانى دەوڵەت و نەبوونى ئیرادەیەکى سیاسى هۆکارگەلێکن بونەتە هۆى ئەوەى تاوانباران لەو کەیسانەدا دەربازییان بێت.

 

ڕاپۆرتەکە ڕووماڵى ڕوداوەکانى کوشتنى ڕۆژنامەنوسانى لەماوەى 10 ساڵدا تا 13ى ئابى ساڵى 2019 کردووە کە لەو ماوەیەدا 318 ڕۆژنامەنوس لەجیهاندا بەهۆى کارەکانیانەوە کوژراون و لە85% کەیسەکانیشیان لەدادگا یەکلاى نەکراونەتەوە.

 

ئەو وڵاتانەش کە کۆمیتەکە وەکو خراپترین وڵات بۆ مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوساندا دیارى کردووە بەم شێوەیەى لاى خوارەوەیە:

 

(فلیپین ،مەکسیک، سۆماڵ ، سوریا ، عێراق ، هیندستان، پاکستان، بەڕازیل ،ئەفغانستان، بەنگڵادش،ڕووسیا ، باشوورى سودان، نەیجیریا).