گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەی دەسبەکاربوونی بنکە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاشكراکرا

2020.10.23 - 16:06
App store icon Play store icon Play store icon
وادەی دەسبەکاربوونی بنکە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاشكراکرا

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

جێگری سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لەڕۆژانی داهاتوودا بەشێک لەو خاڵانەی کە لەدوایین کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارتی بەرگریی عێراقدا ئەنجامدرا لە پارێزگای دیاڵە جێبەجێدەکرێت، وتیشی، یەکەم خاڵ بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاریی سەربازی و هەواڵگریی بەشێویەکی هاوبەش لەو ناوچانەی کە تائێستا هیچ هێزێکی تییدا نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیوا قارەمان کەماڵ، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە ( 23ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " لەکۆبوونەوەی سێهەمی نێوان ئێمە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کە پێش چەند ڕؤژێک بەڕێوەچوو، ڕێککەوتین لەسەر جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی گرنک لەناوچە سنورییەکانی پارێزگای دیالە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دواتر ئەو خاڵانە لە ناوچەکانی دیکەش دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

وتیشی: " دەبوایە  دوای کۆبوونەوەکەی نێوانمان کە لە بەغدا ئەنجامدرا، ڕاستوخۆ ئەو ڕێکارانە جێبەجێبکرایە، بەڵام بەهۆی مۆڵەت وەرگرتنی فەرماندەی ئۆپراسیونەکانی پارێزگای دیالەوە پرسەکە دواکەوت و لە چەند ڕۆژی داهاتوو جێبەجێدکرێت".

 

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرەتا خاڵی یەکەم جێبەجێدەکرێت کە بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری سەربازی و هەواڵگری، بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە هیچ هێزێکی سەربازی تێدا نییە، خەڵی دووەم ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی هاوبەشە، خاڵی سێهەم، بریتیە لە دانانەوەی ئەو بازگە هاوبەشانەی کە پێشتر لە ناوچەکەدا هەبوون بە تایبەتی پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر".

 

جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە  ئەوەشی ڕوونکردەوە: " سەبارەت بە هەماهەنگییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە قەزای شەنگاڵ، ئەو ڕێککەوتنە زیاتر پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەڵام پێشمەرگەش بەشێکی گرنگە لەو ڕێککەوتنە و هەمان ئەو خاڵانە کە لە دیالە جێیبەجێدەکرێت لە شەنگاڵ و ناوچەکانی دیکەش ڕەچاو دەکرێت".

 

هەر ئەمڕۆ هەینی 23ی تشرینی یەکەمی 2020، لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەدا کاری بنکە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستپێدەکات.