گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ 10 هەزار ئێزدی بە پیر رێككەوتنەكەی شنگالەوە دەڕۆن’’

2020.10.23 - 13:34
’’ 10 هەزار ئێزدی بە پیر رێككەوتنەكەی شنگالەوە دەڕۆن’’

ناس کورد-

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە ئێزدییەکان دژی ڕێککەوتنی شنگالن و لەدوای ڕێککەوتنەکەش هیچ بڕیارێک بۆ دامەزراندن دەرنەچووە، بەڵام لەماوەی سێ ڕۆژدا 10 هەزار گەنجی ئاوارەی ئێزیدی فۆرمی دامەزراندنیان پڕكردووەتەوە، بۆ ئەوەی وەكو پۆلیس لەسەر میلاكی حكومەتی عیراق لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا دابمەزرێنرێن.

 

بەگوێرەی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لەسەر شنگال، دۆسیه‌ی ئه‌منیی قەزاكە ده‌درێته‌ پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 500 كارمه‌ندی ئه‌منی كه‌ هه‌زار و 500یان له‌ ئاواره‌ شنگالییه‌كانی ناو كه‌مپ و هه‌زاریان له‌ دانیشتوانی ئێستای شنگال بن.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "کەرکوک ناو" لە 20ی تشرینی یەكەمەوە قایمقامیەتی جێگرەوەی شنگال كە لە دهۆك دەوام دەكەن، دەستیكرد بە وەرگرتنی مامەڵەی دامەزراندن و تائێستا 10 هەزار فۆرم پڕكراونەتەوە و بڕیارە پرۆسەكە هەفتەیەك بخایەنێت لە رۆژی دەستپێكردنییەوە.

 

قاسو سه‌لیم، ئاوارەیەکی تەمەن 35 ساڵی ئێزدییە و لەكەمپی بێرسیف لە دهۆك دادەنیشیت، بە (كەركوك ناو)ی وتووە: "من هیچ ئیشێكم نییە، بۆیە دامەزراندن وەكو پۆلیس باشترین كارە بۆ من، لە ماوەی دوو رۆژدا هەموو مامەڵەكانم تەواو كرد و رادەستی قایمقامیەتی شنگالم كرد".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "رۆژانه‌  قه‌ره‌باڵغییه‌کی زۆر هه‌یه‌ له‌ بەردەم بینای قایمقامیەت، بەهۆی زۆری داواكارییەوە، هه‌موو که‌سێك بەپێی مەرجەكان دەتوانێت داواكاریی پێشكەش بكات"

 

بەپێی مەرجەكان، ئەوانەی دەیانەوێت دابمەزرێن تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵ بێت، پێویستە عیراقی بێت و لە بنەڕەتدا خەڵكی قەزای شنگال بێت، هەروەها بڕوانامەی شەشی سەرەتایی بەرەو سەرەوەی هەبێت،جگە لەوەش لە پشكنینی تەندروستی و جەستەیی دەربچێت و هیچ تاوانێكی نەكردبێت.

 

نایف سه‌یدۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ – کە بیناكەیان لە دهۆكە بە (كەركوك ناو)ی وت: "له‌هه‌ر که‌مپێکی سنوری پارێزگای دهۆک لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێم دانراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی مامه‌ڵه‌ی دامەزراندنی ئاواره‌کان، ماوه‌ی پێشکه‌شکردن هەفتەیەكە و تائێستا 10 هەزار كەس فۆرمیان پڕكردۆتەوە، پێمانوایە تا كۆتا رۆژ ژمارەكە بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوە".

 

ئەوەش لەكاتێكایە هێشتا هیچ فەرمانێكی دامەزراندن لە حكومەتی عیراقەوە دەرنەكراوە بۆ دامەزراندن، بەڵکو تەنیا لە رێككەوتنی شنگالدا باسكراوە.

 

عه‌لی عومه‌ر گه‌عبۆ، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ کاروباری ئاواره‌ و رێکخراوه‌کان دەڵێت: "په‌یوه‌ندیم بە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگالەوە كردوو لە دهۆك، ئەو وتی وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێم داوای لێكردوین ناونوسین بۆ دامەزراندن دەستپێبكەین تا لە كاتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە ناوەكان ئامادەبن".

 

ڕۆژی ھەینی (9ی تشرینی یەکەمی 2020)، ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.        

  

بەپێی دەقی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەناوی "ڕێکەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ لە قەزای شنگال" کە بە سێ تەوەر جیاکراوەتەوە و کۆپیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، لە تەوەری ئیدارییدا ھاتووە، قائیمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاریدەکرێت کە کەسێکی دەستپاک و پیشەیی و سەربەخۆ بێت و قبوڵکراو بێت، لەلایەن لیژنەی پێکھێنراوی ھاوبەش پۆستە ئیدارییەکانی تر دادەنرێت و پێویستە پیشەیی بوون و دەستپاکی و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت.       

  

لە دەقی ڕێککەوتنەکە کە لە بەرورای 1ی تشرینی یەکەمی 2020 لەلایەن حەمید ڕەشید فلەیح، وەکیلی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە نوێنەرایەتی حکومەتی ناوەند و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێم واژۆکراوە، سەبارەت بە میحوەری ئەمنی ڕونکراوەتەوە، پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی قەزاکە دەگرنە ئەستۆ.       

  

باسلەوەشکراوە، سەرجەم پێکھاتە چەکداریەکانی تر دەکرێنە دەرەوە و ٢٥٠٠ ئەندام بۆ ھێزی ئاسایشی ناوخۆیی دادەنرێن و ئاوارەکانی خێوەتگەکان کە خەڵکی شنگالن بەشداریان پێدەکڕێت، ھەروەھا کۆتایی بەبوونی پەکەکە لە شنگال و دەوروبەری دەھێنرێت و بونیان نامێنێت لەناوچەکە.