گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێترین زانیاری لەبارەی بەقاچاخبردنی هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمەوە بۆ ناوچەکانی عێراق

2020.10.23 - 13:11
نوێترین زانیاری لەبارەی بەقاچاخبردنی هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمەوە بۆ ناوچەکانی عێراق

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لەوەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق نەیتوانیوە لەماوەی ڕابردوودا ئەوە بسەلمێنێت کە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لەهەرێم تێوەگلابن لە بەقاچاخبردنی تۆڕەکە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.

 

کاروان ڕەزا، بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لەوەزارەتی گۆاستنەوەی هەرێمی کوردستان ( 23ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکیدا بەناس کوردی ڕاگەیاند: " لەماوەی ڕابردوودا هاوکاری تەواوی حکومەتی عێراقمان کردووە لەسەرو بەندی ڕاگەیاندنی پڕۆسەی شۆک کە ناسراوە بە( صدمة) بۆ نەهێشتنی بەقاچاخبردنی  تۆڕی ئینتەرنێت".

 

وتیشی: "دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق تائێستا نەیتوانیوە ناوی هیچ کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان بەفەرمی دیاری بکات و ئاشکرای بکات کە کاری نایاسایی  کردووە و تێوەگلاوە لە بەقاچاخبردنی تۆڕی ئینتەرنێت بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەتایبەتی ناوچەکانی موسل، کەرکوک، سەلاحە دین و دیالە".

 

ئاماژەبەوەشکرد: "حکومەتی عێراق تەنانەت ئەو سزایانەشی دیارینەکردووە ئەگەر هاتوو کۆمانیایەکی ئینتەرنێت دەستی هەبووبێت لە بەقاچاخبردنی تۆڕەکە و تائێستا هیچ ڕێنماییەکی لەوبارەیەوە یاخود نووسراوێکی فەرمی  ئاڕاستەی ئێمە نەکراوە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشترعادل سلمان فەهد، ئەندامی ئەمیندارێتی دەستەی گەیاندن پەیوەندییەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو: "ماوەی چوارساڵ زیاترە ئینتەرنێت لەڕێگەی ناوچە سنورییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەقاچاخ دەهێنرێتە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی فیدڕاڵییەوە".

 

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەشی وتبوو: "ئەو لایەنانەی کە کاری بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت دەکەن بەنیوەی نرخی دیارکراوەی فەرمی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق دیفرۆشن، بەهۆی بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە مانگە حکومەتی عێراق 20 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات کە لە ئێستادا 60%ی ئینتەرنێت لە عێراق قاچاخە". 

 

لای خۆشییەوە ئازاد عومەر، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی گواستنەوە گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناس کوردی ئەوەی خستبووەڕوو: "پێش 16ی ئۆکتۆبەر بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستاندا بوون ئینتەرنێتیان لە هەرێمەوە وەردەگرت". 

 

ئەوەشی وتبوو: "کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای موڵەت پێدراون لەلایەن حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەر لەهەمان سەرچاوەش  ئینتەرنێت دەهێنن کە حکومەتی عێراقی خۆی لێوە ئەنتەرنێت دەهێنێت".