گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رۆژنامەیەكی لەندەنی: ئەمڕۆ كێشەیەكی نوێ لە نێوان كازمی و بەرەی ئێران سەرهەڵدەدات

2020.10.23 - 13:00
رۆژنامەیەكی لەندەنی: ئەمڕۆ كێشەیەكی نوێ لە نێوان كازمی و بەرەی ئێران سەرهەڵدەدات

ناس کورد-

هەندێ پەرلەمانتاری عێراقی نزیك لە تاران بەنیازن پرسی هەڵوێستی كازمی لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندی عیراق لەگەڵ ئیسرائیل لەپەرلەمان بوروژێنن هاوكات لەگەڵ كۆتاییهاتنی گەشتە ئەوروپییەكەی ئەمدواییەی سەرۆك وەزیران. 

 

لە راپۆرتێكدا رۆژنامەی ئەلعەرەب، چاپی لەندەن، بڵاویكردەوە ( هەینی 23 تشرینی دووەمی 2020) كە ئەم هەنگاوەی پەرلەمانتارەكانی بەرەی نزیك و لایەنگری ئێران هەوڵی تاقیكردنەوەی نیاز و سیاسەتی مستەفا كازمییە بەرامبەر ئیسرائیل بەتایبەت پاش ئەوەی بەحرەین و ئیمارات پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوە بەبێ ئەوەی حكومەتی عێراق هیچ سەرنجێك بەفەرمی لەوبارەیەوە بدات.

 

راپۆرتی رۆژنامە لەندەنییەكە كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، باس لەوە دەكات ئێران نیگەرانە لەئەگەری گەیشتنی ئیسرائیل بەعێراق بەتایبەت كە جالیەیەكی بەهێزی جولەكەی عێراقی لە ئیسرائیلدا هەن، بەڵام ئەم هەنگاوەش هەروا ئاسان نییە بەتایبەت كە لایەنگرانی ئێران لە عێراقدا زۆر بەهێزن.

 

هەندێ پەرلەمانتاری لیستی فەتح كە سەر بە حەشدی شەعبین لەوانەش موختار موسەوی رایگەیاندووە، پاش گەڕانەوەی لەئەوروپا لەبارەی پرسی ئەگەری ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، میوانداری مستەفا كازمی، دەكەن لە پەرلەمان و رۆژی شەممە (24 تشرینی یەكەمی 2020) داواكاری میواندارییەكە دەدرێتە دەست سەرۆكایەتی پەرلەمان، تا ئێستاش زیاتر لە 50 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر كردووە.

 

ئەم كێشە نوێییە دوای ئەوە دروست بوو هەندێ میدیا بڵاویان كردەوە كە وڵاتانی ئەوروپی بیرۆكەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیلیان پێشنیار كردووە بۆ مستەفا كازمی لە سەردانی ئەمدواییەی بۆ ئەڵمانیا و لەندەن، بەڵام سەرچاوەكانی حكومەت هەمیشە باس لەوە دەكەن ئەم پرسە كاری حكومەتێك نییە كە كارنامەكەی سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.