گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕانێكی مژدەبەخش لە پێشبینییەكانی باران بارین

2020.10.23 - 11:11
گۆڕانێكی مژدەبەخش لە پێشبینییەكانی باران بارین

ناس کورد-

کەشناسێکی عێراقی پێشبینی دەکات، سەرەتای مانگی داهاتوو یەکەم حاڵەتی باران بارین  ناوچە جیاجیاکانی عێراق بگرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی 10 ڕۆژی  داهاتوودا پلەگانی گەرما وەک خۆیان دەمێننەوە و گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت.

 

واسق سەلامی، شارەزای عێراقی لەبواری کەشناسی (هەینی 23ی تشرینی یەکەمی 2020) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەنی فەیس بووک ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و پێشبینی کردووە، یەکەم حاڵەتی باران بارین لە سەرەتای مانگی داهاتوو ناوچە جیاجیاکانی عێراق بگرێتەوە، بەجۆرێک باران بارینەکە لەنێوان بارانی لەسەرخۆ و بەلێزمە دەبێت لەهەندێک کاتدا.

 

سەلامی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو باران بارینە لە دەرئەنجامی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەک دەبێت کە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەگرێتەوە  و کاریگەریشی لەسەر عێراق دەبێت. 

 

ئەو کەشناسە عێراقیە ئەوەشی ڕوونیکردووەتەوە، مانەوەی کاریگەرییەکانی بەرزە پاڵەپەستۆی نیمچە کەمەریی لەسەر عێراق  وایکردووە لە ئێستادا کەشی زۆربەی ناوچەکانی وڵات هەتاو و سەماڵ بێت، ئەو حاڵەتەش لە ماوەی 10 داهاتوودا بەردەوامی دەبێت. 

هەر لەم میانەیەدا، سادق عەتيە، شارەزاى كەشناسيى ديارى عێراقى (پێنجشەممە 22ى تشرينى يەكەمى 2020) لە هەژماری خۆى لەتۆڕى كۆمەڵايەتى فەيسبوك بڵاويكردوەتەوە، لەسەرەتاى مانگى داهاتوو كەشێكى باراناوى چەند ناوچەيەكى ديارى عێراق دەگرێتەوە.  



بەگوێرەی پێشبینیەکانی سەڵامی پلەکانی گەرمی ئەمڕۆ (هەینی) لەشارەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان 29 بۆ 31 پلەدا دەبێت، لە شارەکانی خۆرئاوا و ناوەڕاست و باشوری عێراقیش لە نێوان 32 بۆ 39 پلەدا دەبێت.