گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێترین توێژینەوە: گواستنەوەی پلازمای خوێن بۆ چارەسەری کۆرۆنا هیچ سودێکی نییە

2020.10.23 - 09:44
نوێترین توێژینەوە: گواستنەوەی پلازمای خوێن بۆ چارەسەری کۆرۆنا هیچ سودێکی نییە

ناس کورد-

توێژینەوەیەکی پزیشکی ئاشکرایکرد، بەکارهێنانی پلازمای خوێنی کەسانی چاکبووەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی پەتاکە هیچ سودێکی نییە و نابێتە هۆکاری کەمکردنەوەی قوربانیانی پەتاکە.

 

 گۆڤاری "بریتش میدیکاڵ جۆڕناڵ"ی بەریتانی توێژینەوەیەکی پزیشکی بڵاویکردەوە ( 23ی تشرینی یەکەمی 2020) کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەرکەوتووە: "  گواستنەوەی دژە تەنەکانی پلازمای خوێنی کەسانی چاکبوو لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی پەتاکە هیچ سودێکی نییە و نابێتە هۆکاری کەمکردنەوەی نیشانە قورسەکانی پاتەکە یاخود کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانیان".

 

بەگوێرەی گۆڤارەکە، وڵاتی هیندستان تاقیکردنەوەی تەختی لەوباریەوە لەسەر زیاتر لە 400 کەس کردووە، بەڵام ئەنجامەکانی نەرێنی بوون، ئەوەش بەپێچەوانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوەیە کە پێشتر ئەو جۆرە چارەسەرەی بە مێژوویی ناوبردبوو. 

 

سایمون کلارک، شارەزای بەریتانی لە زانستی بایەلۆجی لەزانکۆی" ڕیدینگ" لە وبارەیەوە دەڵێت: "بەکارهێنانی پلازما لە چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا دەرەنجامێکی زۆر کەمی هەبووە و نەتوانراوە لەڕێگەی بەکارهێنانییەوە ژمارەی چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکە زیاد بکرێت".

 

هاوکات ئایان جۆنز، زانای پسپۆڕ لە ڤایرۆسەکان ئەوەی ئاشکراکردووە، سودی بەکارهێنانی پلازمای خوێن وەک چارەسەر بۆ توشبووانی کۆرۆنا تەنها لەو حاڵەتانەدا بەسود و کاریگەرە کە نەخۆشەکە ڕاستەوخۆ دوای چەند کاتژمێرێک لەتوشبوونی ئەو چارەسەرەی پێبدرێت. 

 

ماوەی چەند مانگێکە ئەو چارەسەرە لە هەرێمی کوردستانیش بەکاردەهێنرێت و بەرپرسانی تەندروستییش دەڵێن: "سودێکی زۆرمان لە چارەسەر لەڕێگەی پلازماوە وەرگرتووە و چەندین کەس بەو ڕێگەیە ژیانی ڕزگار کراوە."