ناس کورد-
سەرپەرشتیارى تیمى ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا لە سلێمانى، هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات لە ترسناکی پێشبینییەکان بۆ دۆخی کۆرۆنا و داوا لە هاووڵاتیان دەکات، خۆیان بپارێزن و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیارى تیمى ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا لە سلێمانى (پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2020) لە هەژماری خۆی لە فەسبوک بڵاویکردەوە: "پێشبینیەکان ترسناکە و پێویستی بە بەشداربوونی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ خۆپاراستنیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "ڕۆژ بە ڕۆژ نەخۆشخانە زیاد دەکەین، بەڵام هەر فریاناکەوین، لە ئێستادا نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا ڕۆژانە توانای وەرگرتنی تەنها چەند نەخۆشێکیان هەیە، ئەویش بەهۆی پربوونی هەموو قەڕەوێڵەکانی نەخۆشخانەکان و ناجێگیری باری تەندروستی زۆرینەی نەخۆشەکان."
سەرپەرشتیاری تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەشڵێت: "ئەوەی ماک و ترسناکی کۆرۆنا بە چاوی خۆی نەبینێت، نازانێت چەند قورسە، بۆیە ھەوڵبدەن خۆتان و خۆشەویستانتان بپارێزن."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە هەرێم ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و لە 24 کاتژمێرى رابردوودا 1308 توشبووى نوێى کۆرۆنا تۆمارکراوە و 246 توشبوو چاکبوونەتەوە و 17 توشبووش گیانیانلەدەستداوە.