گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەشتکردن لە ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى قەدەغە کرا

2020.10.22 - 15:41
گەشتکردن لە ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى قەدەغە کرا

ناس کورد- 

بڕیارى قەدەغەکردنى گەشتکردن بۆ ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە پشکى بزوتنەوەى گۆڕان دەرکرا کە تۆمەتبارە بە تەزویرکردنى وەسڵى گومرگى. 

 

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند (22ى تشرینى یەکەمى 2020)، فەرمانى دەستگیرکردن و قەدەغەى گەشتکردن لە (محەمەد وەهاب) ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە پشکى گۆڕان دەرکراوە بەپێى یاسای سزادانى عێراقى.

 

بەگوێرەى بڕیارى گرتننامە (فەرمانى دەستگیرکردن) کە لەلایەن دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى کەرکوک - گەرمیان دەرچووە و ئاڕاستەى جێبەجێکارانى یاسا کراوە و کۆپیەکى دەستى ناس کوردیش کەوتووە،  داوا کراوە هەر کەسێک کە ئەو گرتننامەیەى بەردەستدەکەوێت  ڕێگەپێدراون بەگرتنى محەمەد وەهاب ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەپشکى گۆڕان و ڕادەستکردنى بەدادگاکەیان چونکە بەپێى مادەى 289ى سزادانى عێراقى تۆمەتبارە.

 

ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى کە فەرمانى دەستگیرکردنەکەى لەلایەن ئەو دادگاوە بۆ دەرچووە تۆمەتبارە بەتەزویرکردنى وەسڵ لەمەرزى پەروێزخانى نێودەوڵەتى.

 

سەرچاوەکە بۆ ناس کوردى رونکردەوە، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ کەسێک دەربچێت بەهەر تۆمەتێکەوە بێت ئەوا گەشتکردنیشى لێ قەدەغە دەکرێت بەو پێیەى لەفەرمانەکەدا داواى دەستگیرکردنى دەکرێت لەهەر شوێنێک کە دەستى جێبەجێکارانى یاسا بکەوێت.