گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەی دانیشتنی قەرز پێدان بەحکومەت دیاری کرا

2020.10.22 - 14:48
وادەی دانیشتنی قەرز پێدان بەحکومەت دیاری کرا

ناس کورد-

لیژنەى یاسایى  پەرلەمانى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا وادەى دانیشتنى تایبەت بە وەرگرتنى قەرز لەلایەن حکومەتەوە بۆ چارەسەرکردنى کورتهێنانى دارایى دیارى کرد.

 

لە راگەیەندراوێکى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە (22ى تشرینى یەکەمى 2020)، هەفتەى داهاتوو دانیشتنێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پڕۆژە یاساى قەرزەوە ئەنجام دەدرێت.

 

حکومەتى عێراق بۆ چارەسەرکردنى کورتهێنانى دارایى پڕۆژە یاسایەکى بۆ قەرزکردنى ناوخۆیى و دەرەکى ئاراستەى پەرلەمانى عێراق کرد بۆ پەسەندکردنى و هاوکات ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژى مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنى کە ناس کورد بینیوویەتى رایگەیاند "ئەگەر پڕۆژەکە لە پەرلەمان پەسەند نەکرێت حکومەت ناتوانێت لەوادەى خۆیدا مووچە دابەش بکات".

 

هاوکات پەرلەمانى عێراق خشتەى بەرنامەى کارى دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکەى ڕۆژى شەممەى داهاتووى بڵاوکردەوە کە خۆى لە 15 بڕگەدا دەبینێتەوە. 

 

 

بەگوێرەى خشتەکە کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە (22ى تشرینى یەکەمى 2020)، خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژە یاساى تەمویلکردنى کورتهێنانى دارایى دەکرێت و هەروەها دەنگ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەک دەدرێت.