گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەستپاكی پەرلەمان: هەرێم پابەند نییە و بەغداش 320 ملیارەكەی پێ دەدات

2020.10.22 - 13:48
دەستپاكی پەرلەمان: هەرێم پابەند نییە و بەغداش 320 ملیارەكەی پێ دەدات

ناس کورد- 

ئەندامێکى لیژنەى دەستپاکى لەپەرلەمانى عێراق ڕەخنە لەوەزارەتى دارایى دەگرێت بەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم هەموو مانگێک ڕەوانە دەکات کەچى موچەى فەرمانبەرانى فیدراڵ دوادەکەوێت بێ ئەوەى هەرێم پابەندى ئەرکەکانى بێت.

 

عەبدولئەمیر میاحى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکى لەپەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕى مەربەد کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە راگەیاند (22ى تشرینى یەکەمى 2020) :" وەزارەتى دارایى عێراق هەموو مانگێک 320 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت،کەچى بەهۆى دابیننەکردنى پارەوە موچەى فەرمانبەرانى هەموو وەزارەت و دەزگاکانى حکومەتى فیدراڵ دوادەکەوێت ".

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە:" حکومەتى هەرێمیش ڕێگە نادات چاودێرى دارایى بەدواداچوون بۆ دامەزراوەکانى بکات بۆ زانینى چۆنیەتى خەرجیە داراییەکان و فیدراڵیش هێشتا بەردەوامە لەڕەوانەکردنى موچەکەى فەرمانبەرانى هەرێم بێ ئەوەى بزانێت ژمارەى دروستى فەرمانبەرانى هەرێم چەندن". 

 

میاحى باسى لەوەش کردووە، هاوڵاتیان و پەرلەمانتارانیش ڕەخنە لەو سیاسەتە دەگرن کە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە هۆى دواکەوتنى خەرجکردنى موچەى فەرمانبەران و داواشى کرد وەزارەتى دارایى لەکاتى خۆیدا موچەکە خەرج بکات و کێشەى سیولەى دارایش بۆ ئەو مەبەستە چارەسەر بکات.