گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشبینى وەزارەتى پلاندانان بۆ زیادبوونى ژمارەى دانیشتوانى عێراق 

2020.10.22 - 08:47
پێشبینى وەزارەتى پلاندانان بۆ زیادبوونى ژمارەى دانیشتوانى عێراق 

ناس کورد- 

دەزگاى ئامارى سەر بەوەزارەتى پلاندانانى عێراق پێشبینى ئەوە دەکات، بۆ ساڵى 2025 ژمارەى دانیشتوانى عێراق بگاتە 42 ملیۆن کەس، دەشڵێت، ئەو گەشە خێرایە لەژمارەى دانیشتوان کاریگەرى بۆ خزمەتگوزارییەکان و بازاڕ و بەرزبونەوەى ئاستى هەژارى هەیە.

 

لەمیانى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، زیاء عەواد کازم، سەرۆکى دەزگاى ناوەندى ئامارى سەر بەوەزارەتى پلاندانانى عێراق،  پێشبینى ئەوەى کردووە، بەهاتنى ساڵى 2025 ژمارەى دانیشتوانى عێراق بۆ 42 ملیۆن زیاد بکات.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، بەگوێرەى هەڵسەنگاندنەکان لەئێستادا ژمارەى دانیشتوانى عێراق 39 ملیۆن کەس دەبێت.

 

کازم باسى لەوەش کردووە، ئەو گەشە خێرایەى کە لەژمارەى دانیشتواندا ڕودەدات بەڕێژەى 850 بۆ ملیۆنێک کەس زیاد دەبێت و زیاتر زۆربونى ئەو ژمارەیەش لەدانیشتوان لەشارەکانى وەکو بەغدا و بەسڕە و موسڵدا چڕدەبێتەوە و ئەوەش بۆ ساڵانى داهاتوو فشار دەخاتە سەر بازاڕى کار و ئەو خزمەتگوزارییانەى کە حکومەت پێشکەشیان دەکات.

 

بەگوێرەى ئامارێکى ساڵى 1979 ژمارەى دانیشتوانى عێراق 12 ملیۆن کەس بووە و دواتر لە ئامارى گشتى ساڵى 1987 دا گەیشتووەتە 16 ملیۆن و 300 هەزار بەگوێرەى ئامارێکى گشتى لەساڵى 1997 گەیشتووەتە 22 ملیۆن کەس.

 

ڕۆژنامەکە ئەوەشى خستووەتە ڕوو، لەئێستادا داهاتى عێراق لە98 % پشتى بەستووە بە داهاتى نەوت و بەهۆى پەتاى کۆرۆناشەوە ئابوریەکەى دوچارى قەیران بووە و کێشە لە پێدانى موچەى فەرمانبەراندا دروست بووە سەربارى چەندین گرفتى ترى خزمەتگوزارى هاتوەتە ڕێگاى.

 

سەرۆکى دەزگاى ئاماریش ئەوە ئاشکرا دەکات، هیچ سیاسەتێکى دانیشتوانناسى لەئارادا نیە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکانى گەشەى دانیشتوان و بەپێى توێژینەوەیەکیش کە بانکى نێودەوڵەتى بەهاریکارى دەزگاکەیان ئەنجامیداوە ڕێژەى هەژارى 31% زیادى کردووە.