گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد هەڵوێستى فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى پێشنیازە یاساکەى پارتى ئاشکرا دەکات

2020.10.21 - 22:32
ناس کورد هەڵوێستى فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى پێشنیازە یاساکەى پارتى ئاشکرا دەکات

ناس كورد-

سەرۆکى فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بەپێویستى دەزانێت لەسەر هەموو رەهەندە نیشتمانییەكان تەوافوقی نیشتمانی هەبێت و بۆ پیشنیازە یاساییەکەى فراکسیۆنى پارتیش جەخت لەسەر کۆدەنگى فراکسیۆنەکان دەکەنەوە.

 

گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بە ناس كوردی راگەیاند (21ى تشرینى یەکەمى 2020)، ئەو پێشنیازە یاسایە تائێستا نەهاتۆتە بەردەستی پەرلەمانتاران بۆ خوێندنەوە، بەڵكو تەنها وەك دەنگۆیە كە پارتی دەیەوێت پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە بهێنێتە پەرلەمان.

 

وتیشى، بۆ هێمای نیشتمانی ئاماژە بەهەندێك شت دراوە وەك (رابەر) ئەوانە شتی لابەلان و هەموو كەس ئەركێتی رێز لەئاڵاكەی یان سرودی نیشتمانی بگرێت، بەڵام مەسەلەی رابەردانان و رێزدانان بەباوەڕی ئەو، پەیوەندى بە مێژووی هەر كەسێكەوە هەیە كە خەبات و تێكۆشانی كردبێت كە خەڵك رێزی لێ گرتبێت.

 

گوڵستان سەعید ڕونیکردەوە، لەسەر هەموو رەهەندە نیشتمانییەكان دەبێت تەوافوقی نیشتمانی هەبێت كە باسی هێما نیشتمانییەكان دەكرێت رەهەندی نیشتمانی هەیە دەبێت رێككەوتنی لەسەر بكرێت بۆ نموونە كێ رابەرە، دەبێت دەستنیشان بكرێت.

فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان پێشنیازە یاسای هێما نیشتمانی و نەتەوەییەكانى پێشكەشی سەرۆکایەتى پەرلەمان کردووە و ئێستا لەلیژنەی یاساییە بۆ تاوتوێكردن، لەبڕگەیەکى پێشنیازە یاساکەدا سزا بۆ ئەو کەسانە دیارى کراوە کە بیڕێزى بەرامبەر بە هێما نیشتیمانى و نەتەوەییەکان دەکەن.