گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێكی تەندروستی جیهانی باس لەبەرزبوونەوەی كۆرۆنا دەكات لەكوردستان

2020.10.21 - 17:40
بەرپرسێكی تەندروستی جیهانی باس لەبەرزبوونەوەی كۆرۆنا دەكات لەكوردستان

ناس كورد-

نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەشاری سلێمانی هۆشداری لەبەرزبوونەوەی زیاتری تووشبووانی كۆرۆنا دەدات لەكوردستان و دەڵێت "رێگەچارە تەنها خۆپارێزییە".

 

د.نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەشاری سلێمانی بە ناس كوردی راگەیاند (21ى تشرینى یەکەمى 2020)، هۆكاری بەرزبوونەوەی تووشبووانی كۆرۆنا پەیوەندی بەزیادبوونی پشكنینەكانەوە هەیە، چونكە لەشاری سلێمانی پشكنینی تاقیگە تایبەتەكانیش ئەنجامەكەی بەوەزارەتی تەندروستی حكومەت دەدەنەوە.

 

د.نەجمەدین روونیكردەوە، ئەوانەی شاری هەولێر و دهۆكیش ئەوەندەی ئاگادار بێت پشكنینەكان زیاترن، چونكە ئاماری شاری دهۆك دەروازەی گومرگی ئیبراهیم خەلیلی تێدایە و ئەوەی شاری هەولێریش فڕۆكەخانەی تێدایە كە قەرەباڵغە بەهۆی گەشتەكانەوە.

 

ناوبراو وتی "هاوڵاتیان خۆپارێزی ناكەن، لەچەند ناوچەیەك بینیومە دۆخەكە باش نییە، بەو شێوەیەش نەخۆشەكان زیاتر دەبن و نەخۆشخانەكانیش بەرگەی ئەو هەموو نەخۆشە ناگرن، بۆیە تەنها رێگەچارە خۆپارێزییە لەكۆرۆنا".

 

د.نەجمەدین جەختیكردەوە كە لەوڵاتانی دەرەوە 15% بۆ 20%ی بودجەی وڵات بۆ كەرتی تەندروستییە، بەڵام لەكوردستان 5% كەمترە، لەڕووی ئابوریشەوە دۆخەكە خراپە و بەهۆی خراپی دۆخی مووچەشەوە ناتوانرێت وەك پێویست لێپرسینەوە لەپزیشك و كارمەندان بكرێت.

 

بەبۆچوونی نوێنەری تەندروستی جیهانی لەشاری سلێمانی، لەهەفتەكانی داهاتوودا پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری تووشبوانی كۆرۆنا دەكرێت، چونكە لەوەرزی پایزدا بۆ گەشەی ڤایرۆسەكە باشترە كە چالاكتر دەبێت، ئەگەر سەرماش بێت نێوماڵەكان گەرمتر و قەرەباڵغتر دەبن.

 

ماوەی سێ رۆژە ئامارەكانی تووشبووانی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان دەڕۆنە سەرووی هەزار كەس، بەجۆرێك ئەمڕۆ لەماوەی 24 كاتژمێردا هەزار و 78 تووشبوو راگەیەنرا.