گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’سەرەداوى نوێ’’.. لەبارەى شێرەکەى بازیانەوە، بەرپرسان زانیارى نوێ دەدرکێنن

2020.10.21 - 15:53
’’سەرەداوى نوێ’’.. لەبارەى شێرەکەى بازیانەوە، بەرپرسان زانیارى نوێ دەدرکێنن

ناس کورد-

بەرپرسانى ئیداریی ناحیەى بازیان لە سنورى پارێزگاى سلێمانى سەرقاڵى لێکۆڵینەوەن لە هەندێ سەرەداو لەبارەى شێرەکەى بازیانەوە و جەخت دەکەنەوە کە شێرەکە ماڵییە و کێوى نییە.

 

ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان (21ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند، هەندێ هەواڵ و سەرەداویان پێگەیشتووە لەبارەى خاوەندارێتى شێرەکەى بازیانەوە، چونکە گومان هەیە کە هى خەڵک بێت و بەرەڵا بوو بێت.

 

وتیشى، "دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوە و دواتر بۆ راى گشتى رابگەیەنین، بەڵام لەوە دڵنیاین کە شێرەکە کێوى نییە و هى خەڵک بووە، چونکە ئەو ناوچەیەى لێیبینراوە ئاوەدانە و خەڵکى لێیە، رەنگە لەباخى خەڵک لەناوچەکانى دیکەوە هاتبێت بۆ سنورەکە".

 

ئیسماعیل ئەحمەد باسى لەوەشکرد، ئەگەر شێرەکە کێوى بوایە پەلامارى خەڵکیدەدا، یاخود زیانى بە مەڕو ماڵاتى خەڵک دەگەیاند، بۆیە پێیانوایە شێرەکە ماڵى بووە و هى خەڵکە و بەرەڵا بووە.

 

ئیسماعیل ئەحمەد دەڵێت، دەیانەوێت لەگەڵ پۆلیسى دارستان ئاگادارییەکى گشتى بڵاوبکەنەوە لەو بارەیەوە تا ئەو کەسەى خاوەنیەتى دەربکەوێت "چونکە رەنگە خەڵک بترسێت لەوەى بڵێت شێرەکە هى منە، ئەگەر واشبێت تاوان نییە، دەمانەوێت خەڵک دڵنیا بێتەوە کە نەترسن".

 

لەو رۆژەوە کە شێرەکە بینراوە لە گوندێکى بازیان، جارى تر نەبینراوەتەوە، بەڵام سەرۆکى ناحیەکە کە خۆى قسەى لەو کەسانە وەرگرتووە کە شێرەکەیان بینیوە جەخت لە راستى ئەو پرسە دەکاتەوە.

 

ئەوەشى خستەڕوو، شێرەکە لەو شوێنەى کە بینراوە شوێن پێیەکانى دۆزراوەتەوە بەو پێیەى شوێنێکى ئاودارە، پێیانوایە بەرەو تەیناڵ رۆیشتووە.

 

بەدرێژایی دوو رۆژى ڕابردوو تا ئێستا لە ڕێگەى هەلیکۆپتەرەوە گەڕان بەدواى شێرەکە بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە: شێرەکەى بازیان هێشتا دەنەڕێنێت و خەڵکیش تۆقیوە.. ڤیدیۆی گەڕانی کۆپتەرەکان ببینە

 

بەڕێوەبەرى ناحیەکە گریمانەى ئەوە بەدور نازانێت کە خاوەنەکەى شێرەکەى دۆزیبێتەوە و گەڕاندبێتییەوە بۆ باخەکەى، بەبێ ئەوەى کەس ئاگاداربکاتەوە.