ناس کورد-
ڕۆژنامەیەکى چاپى لەندەنى بڵاوى کردەوە، لە ماوەى مانگى ڕابردوودا داعش بۆشایى ئەمنیى چەند ناوچەیەکى قۆستووەتەوە و دەیان هێرش و پەلامارى لەکەرکوک و نەینەوا ئەنجامداوە و لەپلانى دووبارە خۆسەپاندنەوەى لەو ناوچانەدا سەرکەوتوو بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
چەند سەرچاوەیەکى ئەمنیى باڵا لەهەردوو پارێزگاى کەرکوک و نەینەوا بە ڕۆژنامەى (الشرق الأوسط)ى ڕاگەیاندووە، لەسەرەتاى مانگى ئەیلولى ڕابردووەوە 41 هێرش و پەلامارى داعش ڕوویانداوە کەبووەتە هۆى کوژرانى 17 کەس و برینداربوونى 44 کەسى تر.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئەو ڕوداوانە ئاماژەیەکن بۆ بەرزبونەوەیەکى بەرچاوى هێرش و پەلامارەکانى داعش و گۆڕانکارى لەڕووى جۆرى هێرشەکانیەوە، لەهێرشى بچوکى لێدە و ڕاکەوە بووەتە زنجیرەیەک هێرش لەچەند ناوچەیەکى دیاریکراو.
ئەو بەرپرسە ئەمنیانە کە قسەیان بۆ ڕۆژنامەکە کردووە، واى دەبینن بەرزبونەوەى ئاستى هێرش و پەلامارەکانى داعش بەمدواییانە پەیوەندى بەهەوڵەکانى ئەو ڕێکخراوەوە هەیە بۆ دووبارە سەپاندنەوەى خۆى لەناوچەکەدا، بەتایبەت لەو ناوچانەى کە بۆشایى ئەمنیان تێدایە وەکو ناوچە کێشە لەسەرەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێم و ئاستى هەماهەنگیش لەو ناوچانە لاوازە لەنێوانیاندا.
یەکێک لەبەرپرسە ئەمنیەکان کە داواى کردووە ناوى ئاشکرا نەکرێت ڕایگەیاندووە، زۆر بوونى هێرشەکانى ئەمدواییە ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنێکى ڕێژەى داعش لەدووبارە خۆڕێکخستەوەى ڕێزەکانى و بەڵگەش لەسەر ئەوە هێرشە یەک لەدواى یەکەکانێەتى و کە لاوازى و بۆشایى ئەمینى لەناوچە دوورە دەستەکانى لەو پارێزگایانەدا بۆ ئەنجامدانى هێرش و پەلامارەکانى قۆستووەتەوە.