گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بەڵگەى بانکى و یاسایى هەیە’’ لەسەر بەقاچاخ بردنە دەرەوەى پارەى عێراق و هەرێم بۆ دەرەوە

2020.10.21 - 11:12
’’بەڵگەى بانکى و یاسایى هەیە’’ لەسەر بەقاچاخ بردنە دەرەوەى پارەى عێراق و هەرێم بۆ دەرەوە

ناس کورد-

یوسف محەمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەڵگەنامەى گرنگى یاسایى و بانکى هەیە لەسەر بەقاچاخ بردنە دەرەوەى پارە و موڵک و ماڵى عێراق و هەرێمى کوردستان کە بەدەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، دەشڵێت ئێستا زەمینەیەکى جیهانى لەبارە بۆ گەڕاندنەوەیان.

 

یوسف محەمەد لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە رایگەیاندووە (21ى تشرینى یەکەم 2020)، پێویستە دەسەڵاتداران ڕێوشوێنى توند لەدژى گەندەڵکاران بگرنە بەر و بەهەدەردانى موڵک و ماڵى عێراقیەکان لەڕێگەى گەندەڵیەوە لەچوارچێوەى وەرقەى سپى چاکسازى ئابووریدا ڕابگرن.

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، "بارودۆخى ئابوورى ئەمڕۆى وڵات ئەوە دەخوازێت بڕیارى قورس بدرێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەى نەخشەى دارایى وڵات و چاکسازییش هیچ بەهایەکى نابێت گەر بێت و لێپرسینەوە لەگەندەڵکاران نەکرێت".

 

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان داوادەکات لەئایندەدا کار لەسەر دۆسیەى گەڕانەوەى پارە بەقاچاخ براوەکانى عێراق بۆ دەرەوە لەساڵى 2003 ەوە بکرێت.

 

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، بەڵگەى گرنگ لەسەر ئەو دۆسییە هەیە و بەهاریکارى شارەزایانى ئەوروپى تا حکومەتى حکومەتى عێراق بۆ ئاشکرا کردنى ئەو پارانە سودیان لێوەربگرێت.

 

یوسف محىمەد ئەوەشى خستەڕوو، لەئێستادا زەمێنەیەکى لەبار هەیە لەهەندێ وڵاتى ئەوروپا و ئەمریکا بۆ یارمەتیدانى وڵاتانى تر بەمەبەستى گەڕانەوەى پارە بەقاچاخ براوەکان کە بەهۆى گەندەڵیەوە براونەتە دەرەوە.

 

دەستەى نەزاهەى عێراق مانگى رابردوو هەوڵەکانى دەستپێکرد بۆ گەڕاندنەوەى 50 ملیار دۆلار لەدەرەوەى وڵات کە بەر لە ساڵى 2003 بەقاچاخ براوەتە دەرەوەى عێراق.



محەمەد عەلى مفتن، بەرێوەبەرى فەرمانگەى گەڕانەوە لە دەستەى نەزاهە بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، لەناو چەندین دۆسیەى گرنگ و ئاڵۆز کە کارى لەسەر دەکەن، گەڕانەوەى قەرز و پارەى بە قاچاخبراوى عێراقە بۆ دەرەوە لەسەردەمى رژێمى پێشوودا.



وتیشى "ئەو بڕە پارەیەى لەدەرەوەى عێراق کە پێش ساڵى 2003 براوەتە دەرەوە بە (40 - 50) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و هەوڵ هەیە بۆ گەڕانەوەى".



لەبارەى رێوشوێنەکانى فەرمانگەکەوە بۆ گەڕانەوەى قەرزەکان و پارەى بە قاچاخبراو، محەمەد عەلى باسى لەوەکردووە، فەرمانگەکەیان کاریکردووە بۆ بنیاتنانى پەیوەندى نێودەوڵەتى و ئامادەکردنى زانیارى پێویست لەبارەى پارەى بەقاچاخبراو و ئەو وڵاتانەى کە پارەکانى لێیە.



ئەوەشى خستووەتەڕوو، پڕۆسەى گەڕانەوەى پارەى بەقاچاخبراو دەستیپێکردووە لەناوخۆى عێراق و وڵاتانى دەرەوە و چۆنیەتى بەقاچاخبردنى.