گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەستەی بەنداوەكان پێشبینی خۆی بۆ بارانی 2021 خستەڕوو 

2020.10.21 - 08:53
دەستەی بەنداوەكان پێشبینی خۆی بۆ بارانی 2021 خستەڕوو 

ناس کورد-



دەستەی گشتی بەنداوەكانی سەر بە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق پێشبینی كرد بارانی ئەم وەرزە 2020_ 2021 درەنگ دابارێت و مامناوەند بێت، بەمەش كێشە بۆ بەنداوەكان دروست نابێت.

 

سەهر جابر بەڕێوەبەرى دەستەکە (21ى تشرینى یەکەمى 2020) بەڕۆژنامەى سەباحى فەرمى ڕاگەیاند، ڕێژەى ئاو لە بەنداوەکاندا لەئاستێکى نزمدایە و لقى تریشیان لەدەریاچەکاندا هەیە، ئەمەش وا دەکات بەنداوەکان بتوانن پێشوازى لەشەپۆلى لافاو و ڕێژەیەکى زۆرى بارانبارین بکەن کە پێشبینى دەکرێت لەوەرزى زستانى داهاتوودا ببارێت.

 

پێشبینى ئەوەشیکرد لەم ساڵدا بارانبارین دوابکەوێت و ڕێژەکەشى مامناوەند بێت، ئەوەشى بەدوور زانى هیچ کێشەیەک بێتە ڕێگا لەگلدانەوەى ئاو بەتایبەت لەبەنداوەکان.

 

حوسێن ئەسەدى، کەشناسى دیارى عێراقى (19ى تشرینى یەکەمى 2020) ڕایگەیاند، بۆ پێشبینی لە وەرزی بارانبارین، ناتوانرێت پشت بە نەخشەى کەشوهەوا ببەسترێت، بۆیە "کەمی و زۆری شەپۆلەکانى بارانبارین هێشتا ڕوون نین."  

  

قسەکانی ئەسەدی دوای بڵاوبوونەوەى چەند پێشبینییەکی ڕەشبینانە لەبارەى وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ لە عێراق هات و دەڵێت، زۆربەى خەڵکى لەبارەى وەزرى دابارینى داهاتووە پرسیار دەکەن و نەخشەیەکیش هەیە کە پێشبنییە دوورماوەکانى ڕوونکردوەتەوە بەڵام بەشێوەیەى بنەڕەتى ناتوانرێت پشتیان پێببەسترێت بەهۆى ئەوەى گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و جێگیر نین.  

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، وەزرى بارانبارین لە عێراق و دورگەى عەرەبیدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پاڵەپەستۆى هەواوە هەیە لە نیمچە خولگەى ناوەند، گەر هاتوو ئەو پاڵەپەستۆیە پێکەوە بەسترابن ئەوا وەرزى بارانبارین لاواز دەبێت.  

  

باسى لەوەش کردووە، "لە حاڵەتى کشانەوەى پاڵەپەستۆى هەوا لە باشورەوە ئەوە دەبێتە هۆى دابارین بەسەر ناوچەکەماندا، واتە لەئێستاوە تا کۆتایى مانگ پاڵەپەستۆى هەوا نیمچە خولگەیی دەبێت و ئەوە ڕۆڵى دەبێت ئایا بارانبارینەکە کەم دەبێت یاخود نابارێت."  

 

ڕوونیشى کردووەتەوە، ئاماژەى باش هەن بۆ ئەوەى مانگى داهاتوو نزمە پاڵەپەستۆ بچنە سەر دەریاى ناوەڕاست، بەڵام سەربارى بوونى بەرزە پەستان ئەوا کاریگەرییەکانى ئەو نزمە پاڵەپەستۆ لاواز و سنوردار دەبێت لەکاتى کشانەوەى بەرزە پەستەکانى باشوور بەوەش دەرەفەتى دابارین تەنها وەکو پێشینیەک دەمێنێتەوە.