ناس کورد-
10 ئەندامى پەرلەمانى کوردستان گومانى خۆیان نیشاندەدەن لەوەى شێروان شێروانى رۆژنامەنووس بەهۆى کارى رۆژنامەوانییەوە دەستگیرکرابێت و داواى دیاریکردنى چارەنوسى دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو پەرلەمانتارانە لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە (20ی تشرینی یەکەمی 2020) داواى رونکردنەوەیان کردووە لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە (دیندار زێباری) ئاراستەی شێروانى کردووە.
هەروەها داوا دەکەن بەزوترین کات دەرفەتی سەردانیکردن بڕەخسێندرێت بەتایبەت بۆ کەسوکار و پارێزەرەکانی تا لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ژیان و تەندروستی و سەلامەتیی ناوبراوبن.
ڕۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2020، شێروان شێروانى لە پارێزگای دهۆک دەستگیر کرا، ئەم ڕووداوەش بوو بە جێى مشت و مڕى بەشێک لە ئاژانسەکانى هەواڵ و چالاکوانانى مەدەنى.
ڕۆژی یەکشەممە (11ی تشرینی یەکەمی 2020) دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە ڕایگەیاندراوێکدا وتى، "شێروانی لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەداناوە لە سەرچاوەیەکی دەرەکییەوە یارمەتی دارایی کراوە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و پشێوی".
بەڵام رووگەش جەباری هاوسەرى شێروان شێروانی (17ی تشرینی یەکەمی 2020) بە دەنگی ئەمەریکاى ڕاگەیاند، هاوسەرەکەی لەسەر "بیروڕای ئازادی خۆی" دەستگیر کراوە.
هەروەها ڕەتی دەکاتەوە کە هاوسەرەکەی هیچ دەستێکی دەرەکی لە پشتبێت و ئەو تۆمەتە بە "ناوزڕاندن" وەسف دەکات.