ناس کورد-
ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند، دروستکردن و کاراکردنى سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و سەرەتا سەنتەرەکانى بەغدا و هەولێر کارا دەکرێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەیار یاوەر بە ناس کوردى راگەیاند (20ى تشرینى یەکەمى 2020)، تا کۆتایی ئەم مانگە سەنتەرە هاوبەشەکان لە بەغدا و هەولێر کارادەبن، ئەوەش وەک قۆناغى یەکەمى دەستپێکردنەوەى هەماهەنگییەکان.
وتیشى"مانگى داهاتوو سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش لە دیالە دروستدەکرێن و دەستبەکاردەبن، دواتریش لەکەرکوک، پاشان نەینەوا".
جەبار یاوەر باسى لەوەشکرد، دروستکردنى سەنتەرەکان پەیوەندیان بەچەند پرسێکەوە هەیە، وەک بازگەى هاوبەش و شێوازى پێکهێنانیان، كارى هاوبەش، جوڵەى هاوبەش.
هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و سوپاى عێراق (13 تشرينى یەکەمى 2020) لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن، بەمەبەستى هەماهەنگى هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان. کە یەکەمیانیان دەستبەکاربوونى سەنتەرەکانى هەماهەنگى ئەمنى هاوبەشى نێوان هەولێر و بەغدایە.
خاڵى دووەمى ڕێککەوتنەکە تاییەتە بە پێکهێنانى لیژنەى ئەمنى و سەربازى مەیدانى هاوبەش بۆ هەڵسەنگاندنى ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بەپێی کەرت و میحوەرەکان، دانانى نەخشە ڕێگا لەو بارەیەوە.
هەروەها لەخاڵى سێیەمى ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، دەستدەکرێت بە کارى ئەمنى و سەربازى لە کەرتى دیالە بۆ دروستکردنى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش و رێککەوتن لەسەر میکانیزمى کارکردنى خاڵەکانى پشکنین و ئەنجامدانى پڕۆسەى سەربازى و ئەمنى هاوبەش دژى تیرۆر.