گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 مەشقى ئەمەریکا بە‌ پێشمه‌رگه وەستاوە..هۆکارەکەى ئاشکراکرا

2020.10.19 - 19:34
 مەشقى ئەمەریکا بە‌ پێشمه‌رگه وەستاوە..هۆکارەکەى ئاشکراکرا

ناس کورد-

 

بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە مه‌شقی ئەمەریکییەکان بە‌ پێشمه‌رگه وه‌ستاوه و لە بودجەى ساڵى داهاتووى بەرگریی ئەو وڵاتەدا بڕێک پارە بۆ پێشمەرگە تەرخانکراوە.

 

بەیان سامی عەبدولڕەحمان کە لەپشکى پارتى ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات بەپێگەى فەرمى حزبەکەى راگەیاندووە (19ى تشرینى یەکەمى 2020) "ئەمەریکا بەپەلە و بە ناکامڵی ناوچەکە بەجێ ناهێڵێت. ڕاستە ئەمەریکا دەیەوێت دواجار ناوچەکە بەجێ بهێڵێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتن و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی.''

 

وتیشى "ئەمەریکییەکان بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن و دەڵێن ناکرێت گرووپە چەکدارەکان پەلاماری بارەگا و دامەزراوەکان بدەن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم هەڕەشە و پەلامارانەی بە جددی وەرگرتووە و دەڵێن نابێت هێرش بۆ سەر بارەگاکان و باڵیۆزخانەکان دووبارە ببێتەوە".

 

له‌باره‌ی پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمه‌رگە، بەیان سامی ئەوەی ڕوون كرده‌وه‌ کە له‌به‌ر پەتای كۆرۆنا مه‌شقی ئەمەریکییەکان بە‌ هێزی پێشمه‌رگه،‌ ڕاوه‌ستاوه. بەڵام ئەمەریکا دەیەوێت ئەم پشتیوانییە بەردەوام بێت، ئێستا کار لەسەر بودجەی بەرگریی نیشتمانیی ٢٠٢١ دەکەن و هەندێک پارە و هاوکاریی تێدایە بۆ هێزی پێشمەرگە.

 

له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاوە له‌ هه‌ولێر، به‌یان سامی ده‌ڵێت "ئەوەی ئەمەریکا لە هەولێر کونسووڵخانەی هەیە، شتێکی پڕبایەخە، ئەو حەقیقەتەی کە گەورەترین کونسووڵگەریی خۆی لە هەولێر دروست دەکات ئەمەش زۆر پڕبایەخە و ئاماژەیە بە پەیوەندیی باش و پتەوی هەردوولا".

 

بەیان سامی باسى لەوەشکرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی هەیە بۆ سەردانی ئەمەریکا "بەڵام لە ئەمەریکا ئێستا سەروەختی هەڵبژاردنەکانە و پێم وایە بە لای کەمەوە تا چەند مانگێک پاش هەڵبژاردنەکان سەردان ناکرێت.''